له مێژووى مرۆڤایه‌تیدا كۆمه‌ڵێك كتێبى دانسقه نووسراون، هه‌ندێك له‌وانه ته‌مه‌نیان هه‌زار ساڵ زیاتره، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ئه‌م كتێبانه له كتێبه‌كانى تر جیا ده‌كاته‌وه، ئه‌وه‌یه به زمانى ئاژه‌ڵ نووسراون و پاڵه‌وانه‌كانیان ئاژه‌ڵن، بۆیه ئه‌و كتێبانه هه‌رچه‌نده به‌و زمانه ده‌دوێن، به‌ڵام زۆربه‌یان داناییه‌كى گه‌وره به مرۆڤ ده‌ده‌ن و هه‌ر ئه‌مه‌یش هۆى مانه‌وه‌یان بووه.
ره‌نگه ئێمه ئامارێكى وردمان بۆ ئه‌وه نه‌بێت كه له مێژووى مرۆڤایه‌تى چه‌ند كتێب نووسراون، به‌ڵام ده‌توانین گریمانه‌ى ئه‌وه بكه‌ین به "ملیاران" كتێب هه‌بێت. بێگومان ژماره‌یه‌كى زۆرى ئه‌و كتێبانه بۆ پێگه‌یاندنى لایه‌نى ده‌روونى و كۆمه‌ڵایه‌تى و مه‌عریفیى مرۆڤ نووسراون، زۆربه‌یان ده‌یانه‌وێ دانایى به مرۆڤ بده‌ن.
به‌ڵام جۆرێك له كتێبى تایبه‌ت هه‌ن كه ژماره‌یان له 20 دانه تێپه‌ڕ ناكات، كه‌چى دنیایان به خۆیان سه‌رسام كردووه، ئه‌وانه ئه‌و كتێبانه‌ن كه به زمانى ئاژه‌ڵ نووسراون و پاڵه‌وانه‌كانیان ئاژه‌ڵن، كه‌چی له ئاستێكى به‌رزى ئاكار و دانایى به مرۆڤ ده‌ده‌ن.
ره‌نگه بیر بكه‌ینه‌وه ناونیشانى كۆمه‌ڵێك كتێبمان بیر بكه‌وێته‌وه كه پاڵه‌وانه‌كانیان ئاژه‌ڵن. به‌ر له هه‌موویان كتێبى "كلیله و دمنه" كه گوایه له‌لایه‌ن فه‌یله‌سووفێكى هیندى به ناوى "بیدیبا" نووسراوه. بۆچوونى جیاواز له‌سه‌ر مێژووى نووسینى ئه‌م كتێبه هه‌یه، به‌ڵام زۆرینه‌ی بۆچوونه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه كۆكن كه ئه‌و كتێبه له سه‌ده‌ى چواره‌مى زاینى نووسرابێت.
ده‌كرێ گرنگیی ئه‌و كتێبه له‌وه‌دا پوخت بكرێته‌وه كه كۆمه‌ڵێك دانایى "حیكمه‌ت" و په‌ندى تێدایه و كار بۆ گه‌یاندنى بیرۆكه‌ى كۆمه‌ڵێك ئاكارى به‌رز ده‌كات، هه‌رچه‌نده ده‌گوترێ له روانگه‌یه‌كى فه‌لسه‌فه‌ى كۆنى هینده‌وه نووسراوه، به‌ڵام تا ئێسته‌یش سوود به مرۆڤایه‌تى ده‌گه‌یه‌نێت.
كاتێك باس له‌و كتێبانه ده‌كرێت كه به زمانى ئاژه‌ڵ نووسراون، له‌وه راهاتووین یه‌كسه‌ر خه‌یاڵمان بۆ "كلیل و دمنه" بچێت، به‌ڵام مێژوونووسان باس له ده‌قێكى تر ده‌كه‌ن كه له‌لایه‌ن پیاوێكى یۆنانى نووسراوه به ناوى ئیزوپ " Aesop" و ده‌ڵێن ئه‌و پیاوه له سه‌ده‌ى شه‌شه‌مى پێش زاین ژیاوه، واته نزیكه‌ی نۆ سه‌ده به‌ر له "كلیل و دمنه" كتێبه‌كه‌ى نووسیوه كه به "حیكایه‌ته‌كانى ئیزۆپ" ناسراوه.
چیرۆكه‌كانى ئیزۆپ ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كى ساده‌یش بن، باس له كۆمه‌ڵێك كێشه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى و ته‌نانه‌ت سیاسیش ده‌كه‌ن، به‌ڵام سه‌رجه‌م چیرۆكه‌كان كاره‌كته‌ریان له ئاژه‌ڵ نین، به‌ڵكو كاره‌كته‌رى مرۆییشى تێكه‌ڵ كراوه.
یه‌كێك له چیرۆكه سیاسییه‌كانى ئیزۆپ چیرۆكى له‌قله‌ق و بۆقه‌كانه. ده‌ڵێ، رۆژێكیان بۆقه‌كان داوایان له خواوه‌ندى جۆپیتیر كرد سه‌ردارێكیان بۆ بنێرێت تا له گۆمه‌كه حوكمڕانیان بكات، ئه‌ویش زۆر له‌و داوایه‌ى ئه‌وان په‌ست بوو، بۆیه چڵه‌دارێكى بۆ هه‌ڵدانه ناو گۆمه‌كه، ئه‌مه وه‌ك سووكایه‌تییه‌ك بوو به داواى بۆقه‌كان، كه‌چى ئه‌وان جارێكى تر داواكه‌یان دووباره ده‌كه‌نه‌وه و به چڵه‌داره‌كه رازى نین، خوداوه‌ند زۆر نیگه‌ران ده‌بێت له‌وه‌ى بۆقه‌كان جاڕسى ده‌كه‌ن، بۆیه له‌قله‌قێكیان بۆ ره‌وانه ده‌كات تا به خواستى خۆیان دانه دانه‌یان له‌ناو ببات.
له چیرۆكى "پیاوه‌كه و شێره‌كه" باس له پیاو و شێرێك ده‌كات كه به‌ده‌م رێوه باس له ئازایه‌تى خۆیان ده‌كه‌ن، له رێ به په‌یكه‌رێك ده‌گه‌ن كه پیاوێك ده‌نوێنێ شێرێكى خنكاندووه، پیاوه‌كه له خۆشی‌دا ده‌كه‌وێته هه‌ڵپه‌وه و هاوار ده‌كات بینیت ئێمه ئازاترین له ئێوه؟ شێره‌كه ده‌ڵێ، هاوڕێم په‌له مه‌كه به‌مشێوه‌یه نییه، چونكه ئه‌گه‌ر ئێمه‌یش ده‌مانزانى په‌یكه‌ر بتاشین، ئه‌وا په‌یكه‌رێكت ده‌بینى شێره‌كه پیاوێكى له‌سه‌ر زه‌وی ته‌خت كردووه.
وه‌ك تێبینى ده‌كرێت هه‌رچه‌نده ئه‌و چیرۆكانه زۆر ساده‌ن، به‌ڵام مانا و ره‌هه‌ندى مرۆیى قووڵ له‌خۆ ده‌گرن و له فۆرمێكى زۆر ساده‌دا باس له بابه‌تى زۆر گرنگ ده‌كه‌ن.
دواى ئه‌م دوو تێكسته، كۆمه‌ڵێك تێكستى تر دێن كه به زمانى ئاژه‌ڵ نووسراون، به‌ڵام بیرۆكه‌ى یه‌كه‌م و شانازى داهێنانه‌كه هه‌ر بۆ ئه‌م دوو تێكسته‌ى سه‌ره‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه.
زۆر به ساده‌یى ده‌گوترێ هۆكارى سه‌ره‌كى به‌كارهێنانى ئاژه‌ڵ له تێكسته‌كان، بۆ پاراستنیان بووه له سانسۆر، تا نووسه‌ره‌كانیان به‌هۆى به‌كارهێنانى كاره‌كته‌رى مرۆیى رووبه‌ڕووى كێشه نه‌بنه‌وه. سه‌ره‌ڕاى ئه‌مه، لایه‌نى په‌روه‌رده‌یى و چێژبه‌خشى رۆڵى هه‌بووه له‌وه‌ى ئاژه‌ڵ له چیرۆكه‌كاندا به‌كار بێنرێن.
له قۆناغه‌كانى تر‌ى مێژووى مرۆڤایه‌تیدا، ئه‌م ته‌كنیكه دووباره ده‌بێته‌وه، بۆ نموونه سه‌ره‌تاى كتێبى "هه‌زار و یه‌ك شه‌وه" به چیرۆكى كه‌ر و گا ده‌ست پێ ده‌كات. وه‌ك ده‌زانرێ ئه‌و كتێبه یه‌كێكه له تێكسته هه‌ر مه‌زنه‌كانى مرۆڤایه‌تى.
هه‌رچه‌نده له سه‌ده‌كانى دواتر و دره‌نگترى مێژوو، مرۆڤ له‌ڕووى بیركردنه‌وه و نووسینه‌وه پێگه‌یشتووه، به‌ڵام بابه‌تى نووسین به زمانى ئاژه‌ڵ كاڵ نه‌بووه‌ته‌وه، بۆیه ده‌بینین سه‌ده‌ى نۆزده و بیسته‌م دوو تێكستى هه‌ره مه‌زنیان به زمانى ئاژه‌ڵه‌وه به مرۆڤایه‌تى داوه. یه‌كه‌میان "خاتیره‌ى كه‌ره" كه له‌ناو كورد به "كه‌رنامه" ناسراوه.
ئه‌و كتێبه له‌لایه‌ن ژنێكه‌وه نووسراوه به ناوى سۆفیا رۆستپۆچینا " Sophie Rostopchine" یان به كۆنتیسه‌ى سانگه‌ر ده‌ناسرێت. ئه‌و ژنه له سه‌ره‌تاكانى سه‌ده‌ى نۆزده‌م ئه‌و كتێبه‌ى نووسیوه و باس له‌و مه‌ینه‌تییانه ده‌كات كه كه‌ر به ده‌ست مرۆڤه‌وه ده‌یبینێ.
ئۆڕوێڵ له‌و كتێبه‌دا باس له كۆمه‌ڵێك ئاژه‌ڵ ده‌كات كه له كێڵگه‌یه‌ك ده‌ژین و له دژى خاوه‌نه‌كه‌یان راده‌په‌ڕن
له سه‌ده‌ى بیسته‌میشدا یه‌كێك له شاكاره نایابه‌كان به زمانى ئاژه‌ڵ نووسراوه، "باخچه‌ى ئاژه‌ڵان"ى جۆرج ئۆروێڵه. ئۆڕوێڵ له‌م كتێبه‌دا باس له كۆمه‌ڵێك ئاژه‌ڵ ده‌كات كه له كێڵگه‌یه‌ك ده‌ژین و له دژى خاوه‌نه‌كه‌یان راده‌په‌ڕن، كه‌چى راستییه‌كه‌ی ئه‌م باخچه‌یه خۆی كۆمه‌ڵگه‌ى مرۆڤایه‌تییه.
هه‌ر له‌م كتێبه‌دا به‌هۆى ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌وه چه‌ندان بابه‌تى وه‌ك سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵات و شۆڕش و سیستمى به‌ڕێوه‌بردنى كۆمه‌ڵگه، ده‌خرێنه ژێر پرسیاره‌وه.
له ساڵانى دواتریشدا له سه‌رانسه‌رى دنیا چه‌ندان نووسه‌رى تر لاسایى ئه‌م تێكستانه‌یان كردووه‌ته‌وه و ئاژه‌ڵیان كردووه‌ته كاره‌كته‌رى سه‌ره‌كیى بابه‌ته‌كانیان، وێڕاى ئه‌وه‌ى تێكستى باشیان نووسیوه، به‌ڵام چانسى ئه‌وه‌یان نه‌بووه هاوشانى ئه‌وان بن.