وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌رنامه‌یه‌كی داناوه تا هاوشێوه‌ی هۆتێله‌كان، ئه‌ستێره به نه‌خۆشخانه ئه‌هلییه‌كان بدات، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مای كۆمه‌ڵێك مه‌رج كه كامیان خزمه‌تگوزار و باڵه‌خانه‌ی باشتری هه‌بێت، ئه‌ستێره زیاتر و نرخی گرانتر ده‌بێت.
هه‌رچه‌نده هاووڵاتییان و به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان له سیستمی ته‌ندروستی گشتی و كه‌رتی تایبه‌ت زۆر رازی نین و به‌رده‌وام گله‌ییان له نرخ و جۆری خزمه‌ت هه‌بووه، به‌ڵام ئه‌مجاره حكوومه‌ت به ئامانجی به‌رچاوڕوونی هاووڵاتییان، ده‌یه‌وێ باش و خراپ له یه‌كتر جیا بكاته‌وه و به‌گوێره‌ی ئه‌ستێره نرخه‌كان دیاری بكات.
محه‌مه‌د قادر گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به"وشه"ی گوت كه نه‌خۆشخانه ئه‌هلییه‌كان ڕێك ده‌خه‌نه‌وه تا بزانن كامه نه‌خۆشخانه باشترین خزمه‌تگوزاری پێشكه‌ش ده‌كات.
جیاكردنه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه ئه‌هلی له هه‌رێمی كوردستان، له‌سه‌ر بنه‌مای مه‌رجی ستانداردی جیهانی ده‌بێت. وه‌ك گوته‌بێژ ئاماژه‌ی پێ دا، "له پێدانی ئه‌ستێره‌كان باڵه‌خانه‌ی نوێ، پاكوخاوێنی، سیستمی به‌رگریی شارستانی، یه‌كپۆشی، كه‌لوپه‌ل و ئامێره‌كان، ده‌كرێنه پێوه‌ر".
به‌پێی مه‌رجه‌كان، نه‌خۆشخانه‌كان له یه‌كتر جیا ده‌كرێنه‌وه، هه‌روه‌ها به‌رچاوی هاووڵاتییان روون ده‌بێت بۆ نه‌خۆشخانه‌یه‌ك كه له یه‌كێكی تر نرخی گرانتره یان هه‌رزانتر. محه‌مه‌د قادر ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، ئه‌وانه به‌پێی یاسا ڕێك ده‌خرێن و به رێنوێنیی تایبه‌ت ده‌بێت.
له هه‌رێمی كورستان ژماره‌یه‌كی به‌رچاو نه‌خۆشخانه‌ی ئه‌هلی هه‌ن، به‌شێك له‌وانه هاوشێوه‌ی نه‌خۆشخانه‌كانی گشتی خزمه‌تگوزاری پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها هه‌ندێكیان دابه‌ش بوون به‌سه‌ر ژنان و منداڵبوون، له‌گه‌ڵ بوونی سه‌نته‌ری جوانكاری.
ئازاد نه‌وزاد به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی پشكنین و به‌دواداچوون له وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی، بۆ "وشه" روونی كرده‌وه، ژماره‌یه‌كی دروست له به‌رده‌ست نییه كه نه‌خۆشخانه تایبه‌ته‌كان چه‌ندن، به‌ڵام له هه‌ولێر 26 نه‌خۆشخانه هه‌ن، به‌شێك له‌وانه گشتین و هه‌موو جۆره چاره‌سه‌رییه‌كیان تێدا ده‌كرێت، ئه‌وانه‌ی تر تایبه‌تمه‌ندن.
به‌گوته‌ی ئه‌م به‌ڕێوه‌به‌ره، "پێدانی ئه‌ستێره به نه‌خۆشخانه ئه‌هلییه‌كان له یه‌ك تا پێنجه. چۆن هوتێل به‌پێی كوالێتی ئه‌ستێره‌یان پێ ده‌درێت، له وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیش به هه‌مانشێوه ئه‌ستێره به نه‌خۆشخانه ده‌درێت".
ئه‌و له‌باره‌ی دیاریكردنی نرخ روونی كرده‌وه، "جێگیركردنی نرخ ئه‌سته‌مه، به‌ڵام لیژنه‌یه‌كی باڵا پێكهێنراوه له سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و لایه‌نه پێوه‌ندیداره‌كان، تا نرخه‌كان له نه‌خۆشخانه ئه‌هلییه‌كان یه‌ك بخرێت".
هه‌كار مزووری چالاكی ته‌ندروستی، ئه‌وه ده‌خاته ڕوو كه ئه‌وه له به‌رژه‌وه‌ندیی هاووڵاتییاندایه، چونكه به پێدانی ئه‌ستێره، نرخه‌كانی نه‌شته‌رگه‌ری جێگیر ده‌كرێن.
مزووری بۆ "وشه" گوتی، نه‌خۆشخانه هه‌یه كوالێتی خراپه و نرخی نه‌شته‌رگه‌ریشی گرانه، چۆن ده‌كرێ له‌گه‌ڵ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی تر كه كوالێتی باشه هه‌مان نرخ بن. جگه له‌مه، ده‌بێ كه‌رتی گشتی و تایبه‌ت ته‌واوكه‌ری یه‌كتربن بۆ پێشكه‌شكردنی خزمه‌ت به نه‌خۆش".
به‌ڵام سه‌باح زێباری سه‌رۆكی لیژنه‌ی كاروباری ته‌ندروستی و ژینگه و مافی به‌كاربه‌ر له په‌رله‌مانی كوردستان، بێ ئاگایی خۆی له‌و زانیارییه پێشان دا و رای گه‌یاند، به‌داواداچوون ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بزانن بابه‌ته‌كه چۆنه.
زێباری نایشارێته‌وه كه بێ سه‌روبه‌رییه‌كی زۆر له‌ناو نه‌خۆشخانه ئه‌هلییه‌كاندا هه‌یه به‌تایبه‌ت له نرخدا.