كرێی وانەبێژی باخچەی ساوایان خەرج دەكرێ

:: AM:11:18:25/01/2020 ‌
وەزارەتی دارایی رەزامەندی دا بە گەڕانەوەی ئەو مامۆستایانەی وانەبێژ كە لە باخچەی ساوایان وانە دەڵێنەوە و رای دەگەیەنێت كە "كرێی وانەبێژییان بۆ خەرج دەكرێت".

ئەوانەی لە باخچەی ساوایان وانە دەڵێنەوە"، بگەڕێنەوە سەر كاری خۆیان 
ئەمڕۆ شەموو 25تی كانوونی دووەم، ئەحمەد گەرمیانی سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان، بە"وشە"ـی ڕاگەیاند، بە فەرمانێكی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، رەزامەندیی دەرچووە 827 مامۆستای وانەبێژ "ئەوانەی لە باخچەی ساوایان وانە دەڵێنەوە"، بگەڕێنەوە سەر كاری خۆیان و كرێی وانەبێژییان بۆ خەرج بكرێت.

سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان ئەوەیشی روون كردەوە كە مامۆستایانی وانەبێژی باخچەی ساوایان لە ڕابردوو كرێی وانەبێژییان بۆ خەرج نەدەكرا، بەڵام لە دەوامی خۆیان بەردەوام بوون، ئێستە بڕیار دراوە كرێیەكەیان بۆ خەرج بكرێت.

"ئەو بڕیارە دوای هەوڵێكی زۆری وەزیری پەروەردە دێت، هاوكات پێویستە گرنگی بە قۆناغی باخچەی ساوایان بدرێت، چونكە بناغەی منداڵن بەرەو داهاتوو" گەرمیانی وای گوت.

ئەو بڕیارەی وەزارەتی دارایی لە كاتێكدایە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری داوە ئەمساڵ مامۆستایانی وانەبێژ كە ژمارەیان نزیكەی هەشت هەزار كەسە، بكرێن بە هەمیشەیی.



وشە - رامیار جەواد