بڕیارە لەم هەفتەیە ژمارەیەك جووتیار بچنە بەردەم پەرلەمانی كوردستان و داوای شایستە داراییەكانیان بكەن كە پارەی گەنم و جۆیە و بەشێكی هێشتا لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە نەدراوە.
ئەمڕۆ شەموو 25ـی كانوونی دووەم، عیزەدین عەلی نوێنەری جووتیاران، بە"وشە"ـی ڕاگەیاند، بڕیارە جووتیارانی سەرجەم ناوچەكانی كوردستان بە خۆپێشاندان بچینە بەردەم پەرلەمان. دووپاتیشی كردەوە "لە سەرجەم ناوچەكانی كوردستانەوە، نوێنەری جووتیاران بەشداریی لەو خۆپێشاندانە دەكەن كە ڕۆژی دووشەم بەڕێوە دەچێت".
لەبارەی هۆی خۆپێشاندانەكە، عەلی روونی كردەوە، "دادگای عێراق بە فەرمی سكاڵای جووتیارانی هەرێمی كوردستانی قبووڵ كردووە بۆ وەرگرتنی پارەی گەنمی بەشێك لە جووتیاران بۆ ساڵی 2014 و 2015 و 2016، بەڵام تا ئێستە حكوومەتی عێراق پێی نەداوین، داوا لە پەرلەمان دەكەین گوشار بكات بۆ وەرگرتنی ئەو پارەیە".
باسی لەوەش كرد، ئەو پارەیەی لای حكوومەتی عێراق ماوە، 500 ملیار دینار دەبێت، بەپێی بڕیاری دادگا لە مانگی تشرینی یەكەمی 2019، بە ماوەی شەش مانگ دەبێت پارەكە خەرج بكرێت.
بە بڕیارێكی سیاسیی نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق، لە شوباتی 2014 هەموو بودجە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بڕا، دواتر بیانوو بە پارەی گەنمی جووتیار گیرا لەلایەن حەیدەر عەبادی و تا ئێستە هیچ ساڵێك لە كاتی خۆیدا پارەكەیان نەداوە.
وەرگرتنی گەنم لە عێراق بابەتێكی ناوەندییە و بەغدا بەڕێوەی دەبات، بەڵام جووتیاری كوردستان بەهۆی وەرنەگرتنی شایستە داراییەكانیان لە كاتی خۆیدا، ساردبوونەتەوە لە بەرهەمهێنان، رەنگە هەر ئەوەش ئامانجی دواخستنی پارەكەیان بێت.