مەلا مەزهەر ئازاد كرا

:: AM:11:56:27/01/2020 ‌
لە دادگای چواری هەولێر دوای تەواوبوونی دادگا لە بینینی بەڵگە و شاهیدەكان، بڕیاری ئازاكردن بۆ مەلا مەزهەر دەرچوو.

ئەمڕۆ دووشەم 27ـی كانوونی دووەم، لە بەردەم دادگای هەولێر ئاسۆ هاشم پارێزەری مەلا مەزهەر گوتی، ئەمڕۆ دادوەر سەرجەم بەڵگەكانی بینی و سەرجەم شاهیدەكانیش ئامادە بوون، بۆیە دادگا بەهۆی نەبوونی بەڵگەوە لەبارەی داوا یاساییەكەی ئەو ڕێكخراوەی ژنان، بڕیاری  دا.

هیچ بەڵگەیەكی یاسایی تێدا نییە كە بیسەلمێنێت مەلا مەزهەر تۆمەتبارە
ڕوونی كردەوە، ئێستە داواكە بۆ وردبینی رۆیشتووە، تێیدا هیچ بەڵگەیەكی یاسایی تێدا نییە كە بیسەلمێنێت مەلا مەزهەر تۆمەتبارە و لە یاسا دەرچووە.

مەلا مەزهەر خوراسانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسی گوتی، داواكارم لە سەرجەم ئەوانەی ئەمڕۆ سكاڵای یاساییان تۆمار كردبوو، تا شەشی شوبات داوای لێبوردن بكەن و منیش لێیان خۆش دەبم.

مەلا مەزهەر خۆراسانی كە بە ناوزڕێنەری ژن ناو دەبرێت، وەك خۆی دەڵێ لەسەر سكاڵای 300 رێكخراوی مەدەنی و كەسایەتی دادگایی دەكرێت. رێكخراوەكانی ژنان‌ نیگەرانن لەوەی مەلاكە بانگەشەی بۆ فرەژنی كردووە. بەڵام لە دۆسیەیەكی تردا كە مەلاكە براوە بووە، ژنە سزادراوەكە ئامادە نییە قەرەبوو پێنج ملیۆنییەكەی بدات كە دادگا لەسەری سەپاندووە و دەڵێ، "یەك دینار نادەم".



وشە - رامیار جەواد