كوڕی فەرماندەیەكی سەربازی لە هەرێمی كوردستان كوژرا

:: AM:11:24:29/01/2020 ‌
بەهۆی كێشەی نێوان دوو خێزان، كوڕی  فەرماندەیەكی سەربازی كوژرا و تا ئێستەیش شەڕەكە بەردەوامی هەیە.

چەند كەسێك ڕێ بە كوڕی فەرماندەیەكی سەربازیی دەگرن و بە دەستڕێژی فیشەك دەیكوژن 
ئەمڕۆ چوارشەم 29ـی كانوونی دووەم، بەپێی ئەو زانیارییانەی هاووڵاتییان بە "وشە"یان داوە، بەیانی ئەمڕۆ لە شارەدێی بێتواتە لەسەر كێشەیەكی كۆن، چەند كەسێك ڕێ بە كوڕی فەرماندەیەكی سەربازیی دەگرن و بە دەستڕێژی فیشەك دەیكوژن.

ئەو هاووڵاتییانە ئاشكرایان كرد، ڕووداوەكە كاتێك ڕووی داوە "ف، س" كە ئاژەڵدارە و بەیانی ئەمڕۆ ئاژەڵەكانی بەرەو ناوچە شاخاوییەكانی بێتواتە بردووە، چەند كەسێك كە پێشتر لە نێوانیاندا كێشەی كۆمەڵایەتیی هەبووە، چوونەتە سەر رێی و كوشتوویانە.

ڕوونیان كردەوە، كوژراوەكە باوكی پلەی لیوایە و تەمەنی 31 ساڵە و خێزاندارە.

باسیان لەوەش كرد، دوێنێ منداڵێكی لایەنی بەرانبەر خۆی بە ئۆتۆمبێلی "ف، س" هەڵواسیوە و بەربووەتەوە، هەر دوێنێش كێشەكە چارەسەر كراوە، بەڵام ئەمڕۆ دیسان كێشەكە سەری هەڵداوەتەوە و شەڕەكە بەردەوامی هەیە، كەسێكیش بریندارە.



وشە - رامیار جەواد