پارێزگابوون نه‌یتوانی ببێته هۆی باشتركردنی ژیانی هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان، تاك و خێزان به‌هۆی نه‌بوونی هه‌لی كار و خزمه‌تگوزارییه گشتییه‌كان له شاره‌كه، هه‌وڵ ده‌ده‌ن لێی دوور بكه‌ونه‌وه. بۆیه ئاماره‌كان ده‌ریده‌خه‌ن له ماوه‌ی سێ ساڵدا 668 خێزان هه‌ڵه‌بجه‌یان جێهێشتووه.
چالاكانی شاره‌كه و ئه‌و خێزانانه‌ی شاره‌كه‌یان جێ هێشتووه، ئیداره‌ی شار و حزبی ده‌سه‌ڵاتدار و سه‌رمایه‌داره‌كان تاوانبار ده‌كه‌ن.
كۆچكردنی خێزان له هه‌ڵه‌بجه‌وه بۆ پارێزگاكانی تر هۆی جیاوازی هه‌یه، به‌ڵام له هه‌مووی گرنگتر بێكارییه. سه‌ربه‌ست ڕه‌فیق هاووڵاتیی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه كه ئێسته دانیشتووی هه‌ولێره، ئه‌وه ده‌خاته ڕوو كه مرۆڤ بۆ مانه‌وه و گۆڕانكاری له ژیانی و دابینكردنی ژیانێكی شایسته بۆ خۆی و خێزانه‌كه‌ی، ده‌بێ بگه‌ڕێت به‌دوای ئه‌و ناوچه و شوێنه‌ی ده‌توانێ كاری باشی ده‌ست بكه‌وێت.
ئه‌و بۆ "وشه" ده‌ڵێت، "له پاش ئه‌وه‌ی هاوسه‌رگیریم كرد و كارم ده‌ست نه‌كه‌وت، بیرم له به‌جێهێشتنی هه‌ڵه‌بجه كرده‌وه و ماڵمان گواسته‌وه بۆ هه‌ولێر، چونكه له هه‌ڵه‌بجه نایه‌كسانی هه‌یه له ده‌رفه‌تدان به‌و لاوانه‌ی فكر و ئایدۆلۆجیایان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی پارێزگاكه جیایه، منیش یه‌كێك بووم له‌و قوربانییانه. "
به‌گوته‌ی ئه‌م هاووڵاتییه، ئیداره‌ی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه و سه‌رمایه‌داران به‌رپرسن له نه‌بوونی هه‌لی كار له پارێزگاكه و ئه‌گه‌ر سوود له سه‌رچاوه سروشتییه‌كانی وه‌ربگیرێت، به كردنه‌وه‌ی كارگه و مۆڵ، هه‌لی كار بۆ لاوان ده‌ڕه‌خسێت، ئه‌وكات نه خێزان و نه لاو، بۆ كار ڕوو له شاره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه ناكه‌ن. سه‌ربه‌ست به نیگه‌رانییه‌وه گوتی "به پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه جگه له بارگرانی، هیچی به هه‌ڵه‌بجه نه‌به‌خشیوه".
نازم قادر كه هاووڵاتییه‌كی تری هه‌ڵه‌بجه‌یه و كچی كردووه بۆ سلێمانی، خۆی بۆ "وشه" روونی كرده‌وه كه هه‌ندێك پلان و به‌رنامه‌ی تایبه‌ت به خۆی و پڕۆژه‌ی كاركردنی هه‌بووه كه بواری جێبه‌جێكردنی له هه‌ڵه‌بجه نه‌بوو یان زۆر لاواز بوو، بۆیه رووی كردووه‌ته سلێمانی.
نازم ئاماژه‌ی به‌وه دا كه راسته نه‌بوونی هه‌لی كار پێوه‌ندی به تاك و ئاستی تێگه‌یشتنی كه‌سه‌كه هه‌یه بۆ ئه‌و توانا و لێهاتووییانه‌ی هه‌یه‌تی، به‌ڵام كه‌مته‌رخه‌می سه‌رمایه‌داران بۆ پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان، نه‌بوونی پاڵپشتی و نه‌بووژاندنه‌وه‌ی كه‌رته‌كان، هۆكاره له‌و دۆخه‌ی تووشی هه‌ڵه‌بجه بووه.
عومه‌ر فارس چالاكی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و به‌رپرسی ناوه‌ندی باڵای هه‌ڵه‌بجه‌ی یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان، بۆ "وشه" خستیه ڕوو، وێڕای دڵڕفێنی و هه‌ڵكه‌وته‌ی جیۆگرافیی پارێزگاكه كه ڕوویه‌كی گه‌شتیاری هه‌یه، له ڕووی بازرگانی و سه‌رچاوه‌ی داهاتیشه‌وه چه‌ندان خاڵی سنووری ده‌كه‌وێته سه‌ر ئه‌م پارێزگایه، خاوه‌نی ده‌شتێكی به پیتی كشتوكاڵییه و ده‌وڵه‌مه‌ندیشه به كانزاكان و سه‌رچاوه سروشتییه‌كان، به‌ڵام ئه‌مانه نه‌بوونه‌ته هۆی ژیانێكی شایسته بۆ دانیشتووانی پارێزگاكه.
به‌گوته‌ی عومه‌ر، "خراپ به‌كارهێنانی ئیداره و كه‌مته‌رخه‌می به‌رپرسان و زاڵبوونی عه‌قڵیی حزبسالاری، بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی دانیشتووانی ئه‌م شاره له بیری كۆچكردندا بن به‌ره‌و سلێمانی و شاره‌كانی تر".
به‌پێی ئامارێك كه بێساران محه‌مه‌د تاهیر به‌ڕێوه‌به‌ری كاروباری ناوخۆ له دیوانی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه، به"وشه"ی دا، له ساڵی 2017دا 250 خێزان هه‌ڵه‌بجه‌یان به‌جێ هێشتووه، 17 خێزانیش گه‌ڕاونه‌ته‌وه هه‌ڵه‌بجه، له ساڵی 2018دا 244 خێزان هه‌ڵه‌بجه‌یان به‌جێ هێشتووه و 19 خێزان گه‌ڕاونه‌ته‌وه، له ساڵی 2019یش 174 خێزان هه‌ڵه‌بجه‌یان به‌جێ هێشتووه و 20 خێزان گه‌ڕاونه‌ته‌وه.
80% ی ئه‌و خێزانانه‌ی هه‌ڵه‌بجه جێ دێڵن، به‌هۆی نه‌بوونی هه‌لی كاره
به‌راورد به دوو ساڵی ڕابردوو، ساڵی 2019 كۆچی هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان بۆ شاره‌كانی تری كوردستان كه‌می كردووه.
بێساران گوتی، 80%ی ئه‌و خێزانانه‌ی هه‌ڵه‌بجه جێ‌دێڵن، ده‌ڵێن بێكارین و به‌دوای كاردا ده‌گه‌ڕێین، ده‌ڕۆین له پارێزگاكانی تری كوردستان هه‌لی كارمان ده‌ست ده‌كه‌وێت، له پارێزگایه‌كی وه‌ك هه‌ڵه‌بجه نه مۆڵێكی تێدایه و نه كۆمپانیای تێدایه، نه پڕۆژه‌ی گه‌وره‌ی وه‌به‌رهێنانی تێدایه تا هه‌لی كار دابین بكات.
"75%ی ئه‌و خێزانانه‌ی هه‌ڵه‌بجه به‌جێ دێڵن، بۆ سلێمانی ده‌ڕۆن، 25% تریشیان ڕوو له پارێزگاكانی هه‌ولێر و دهۆك ده‌كه‌ن" بێساران وای گوت كه كاروباری گواستنه‌وه‌ی ماڵ به فلته‌ری ئه‌واندا ده‌ڕوات له دیوانی پارێزگا.
له به‌رانبه‌ردا كاوه عه‌لی جێگری پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه، به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، ڕۆیشتنی خێزانه هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان بۆ شاره‌كانی تری كوردستان به‌رده‌وامی هه‌یه، به‌شی زۆریان كه زیاتر 80%ن له هه‌ڵه‌بجه‌وه بۆ شاره‌كانی تری كوردستان ده‌گوێزنه‌وه، بۆ هه‌لی كاره، 20%یان منداڵه‌كانیان له زانكۆكانی هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك و گه‌رمیان وه‌رده‌گیرێن, بۆیه كۆچ ده‌كه‌ن.
كاوه زیاتری خسته‌ڕوو، نه‌بوونی دامه‌زراندن و به نێوده‌وڵه‌تی نه‌كردنی مه‌رزه‌كانی سنووری هه‌ڵه‌بجه، نه‌بوونی كۆمپانیای گه‌وره‌ی وه‌به‌رهێنان و وه‌ستانی پڕۆژه‌كان، وای كردووه هه‌ڵه‌بجه هه‌لی كاری تێدا نه‌بێت، خه‌ڵكه‌كه‌ی بیر له‌وه بكاته‌وه كه شاره‌كه به‌جێ بێڵن و ڕوو له شاره‌كانی تری كوردستان بكه‌ن.
وشه/به‌دواداچوونی عه‌زیز ره‌سووڵ