رۆمانی "خۆرهەڵاتی ناوەڕاست"

:: PM:02:30:13/02/2020 ‌

ڕۆمانی "خۆرهەڵاتی ناوەڕاست" كە عەبدولڕەحمان مونیف نووسیویەتی، ڕۆمانێكی سیاسییە و باس لە دۆخی سیاسیی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەكات بێ ئەوەی ناوی هیچ وڵاتێكی هێنابێت. بەڵام ڕۆمانەكە لە زۆر وڵات یاساغ بووە بەهۆی ئەوەی دەستی خستووەتە سەر برینەكان و خەڵكی لە دەسەڵاتداران بە ئاگا هێناوە.

مونیف بە تەكنیكێكی ورد ڕووداوەكانی هۆنیوەتەوە، بۆیە هەر دانیشتوویەكی ئەم ناوچەیە بیخوێنێتەوە، وا هەست دەكات باس لە وڵاتەكەی ئەویش دەكات، كەواتە جوان سوودی لە نزیكی كولتوور و بیكردنەوەی خەڵكی ئەو ناوچانە و جۆری حوكمڕانییەكەیان وەرگرتووە، بەتایبەت لە پرسە سیاسیی و ئۆپۆزسیۆنە بەر هەڵستكارەكان، دیمەنەكان نزیكن لەیەكەوە و هەموو وڵاتەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كۆكن لەسەر بەرتەسككردنەوە و سواخدانی دەرگەی ئازادی و ئەتككردنی مافی مرۆڤ.

هەموو ئەو بابەتانە وای كردبوو ساڵانی هەشتاكان ئەم ڕۆمانە لای خوێندەواری كوردیش خۆشەویست بێت، چونكە ئەوكات كورد خاوەنی ئۆپۆزسیۆن و شۆڕشێكی چەكدار بوو، گرتن و لێدان و كوشتن، ماڵوێرانی و كاولكاری و دەربەدەری لە ڕۆمانەكەدا رەنگیان داوەتەوە، كە لای كوردیش بە كرداری روویان داوە و بەسەر خەڵك و خوێنەرەكانیشدا هاتووە. زۆر هۆكاری تر وایكردبوو كورد بە پیری ئەم ڕۆمانەوە بچێت.

"رەجەب و ئەنیس" گێڕەرەوەی ڕووداوەكانی ئەو رۆمانەن و هاوكات خوشك و بران. رەجەب لەلایەن ڕژێمی وڵاتەكەیەوە بەهۆی پێوەندیی سیاسییەوە دەگیرێت، سەرەڕای ئەو هەموو ئێش و ئەشكەنجە جۆرەوجۆر و نامرۆییانە، حوكمی ١١ ساڵ گرتنیشی بەسەردا دەسەپێنرێت، بەڵام لە ماوەی بەڕێكردنی حوكمەكەیدا دایكی كە ئازیزترین كەسی بووە، كۆچی دوایی دەكات، راستتر وایە بڵێین لە خەمی كوڕەكەیدا سەری نایەوە. ئەوەیشی باری رەجەب قورستر دەكات ئەوەیە كە هەر ئەو ماوەیە خۆشەویستەكەیشی وازی لێ دێنێ و لەگەڵ كەسێكی تر هاوسەرگیریی دەكات.

ئەم دوو خەمە لە گرتووخانەدا هێندەی تر رەجەب دەهاڕن، بۆیە بڕیار دەدات ددان بە هەموو شتێكدا بنێت كە بەهۆیەوە لە رووی پێوەندی و كارە سیاسییەكانی تۆمەتبار كراوە. 

دوای چوار ساڵ رەجەب ئازاد دەكرێت، بەڵام ئەوە كاتێكە كە بە تەواوی دەروونی شێواوە، بەهۆی ئەوەی هەر كەس لە گرتووخانە بە خەونی ئەو شتانەوە دەژیی كە خۆشی دەوێن و لە دەرەوەی ژوورە داخراوەكەی ئەوەوەن، بە ئومێدی پێگەیشتنەوەیان ڕۆژ بەڕێ دەكات، بەڵام كە ئازاد دەبێت و ئەو شتانە نەمابن، خۆزگە بە كاتی گرتنەكەی دەخوازێتەوە، ئاخر نەمانی ئەو خەون و خۆشەویستانەی دەرەوەی گرتووخانە، وایكرد رەجەب شێت ببێت، نە دایك، نە یار، نە نیشتمان، هیچیان نەمان و لە دەستی چوون، ئیتر سەرئەنجام رێی ئەوروپا دەگرێتەبەر.

رۆژهەڵات گرتووخانەیەكی گەورەیە، هەموومان مەحكوومین بە ژیان تێیدا، هیچ گرووپ و بیركردنەوەیەك لە دەرەوەی سیاسەتی سەپێنراو، یەكسانە بە مەرگ و كردنە كونجی گرتووخانەوە، زیندووترین نموونەیش خۆپێشاندان و ناڕەزاییەكانی عێراقە كە سەدانیان لێ كوژراو و هەزارانیش بریندار و دەیانیش لە ترسی گرتن و كوشتن هەڵهاتوون بۆ وڵاتان.
بەگشتی وڵاتەیلی ئەم ناوچەیە لە گرتووخانەیەك بەولاوە هیچیتر نین.

بەگشتی وڵاتەیلی ئەم ناوچەیە لە گرتووخانەیەك بەولاوە هیچیتر نین. وەك چۆن رەجەب لە ڕۆمانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای دەرچوونی لە گرتووخانە، هەر نامۆیە و هەست بە ئازادی ناكات.


وشە/كاروان عوسمان شوانی





وشە - وشه‌