گه‌شتی توركیا له‌ عێراقی قه‌ده‌غه‌ كرا

:: PM:05:48:13/02/2020 ‌
هەڵگرانی پاسپۆرتی عێراقی لە تەواوی دنیادا، به‌ بڕیارێک چیتر ناتوانن بە ڤیزای ئەلکترۆنی c1 سەردانی تورکیا بکەن، دەبێت ڕێیەکی گرانتر تاقیی بکەنەوە.

بەپێی ئەو ئاگادارییەی بە زمانی عەرەبی و تورکی بڵاو کراوەتەوە و وێنەیەکی دەست "وشە" کەوتووە، تێیدا بەپێی فەرمانی حکوومەتی تورکیا لە تازەترین ڕێی سەلامەتی و تەناهی بۆ وڵاتەکەیان لە بەرواری 15ی نیسانی ئەمساڵەوە تەواوی هەڵگرانی پاسەپۆرتی عێراقی ئیتر دەبێت سەردانی بالوێزخانه‌ و کونسڵگەرییەکان بکەن بۆ بەدەستهێنانی ڤیزای لەزگەیی و دواتر مافی ئەوەیان دەبێت سەردانی توورکیا بکەن.

بڕیارەکەی حکوومەتی تورکیا بە فەرمی بەدەست نووسینگە گەشتیارییەکان نەگەیشتووە
ڕێوان عەلی خاوەنی نووسینگەی گەشتیاریی لێزان بۆ "وشە" ئاشکرای کرد، بڕیارەکەی حکوومەتی تورکیا بڵاوبووەتەوە و بە فەرمی بەدەست نووسینگە گەشتیارییەکان نەگەیشتووە، بەڵام بڕیارێکی خراپە و ڕێژەی گەشتیاریی کەم دەکاتەوە، چونکە وەرگرتنی ڤیزای لەزگە ڕێوشوێنی توند و قورسی پێویستە، هاووڵاتییانیش توانای ئەوەیان نییە.

زیاتر گوتی، بڕیارەکە لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی ئەمساڵەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنه‌وه‌، وەک لە بڕیارەکەدا هاتووە ئێمە وەک نووسینگە گەشتیارییە باوەڕپێکراوەکان دەتوانین ڕۆڵمان هەبێت لە وەرگرتنی ڤیزەکە بەڵام داواکاری بانک و زەمانی ئیش و چەندان شتی تری پێویستە.

ڕوونی کردەوە، وەک ڕوونکراوەتەوە نرخی ڤیزای لە نێوان 40 بۆ 50 دۆلاری ئەمەریکی دەبێت، تەنها لە ڕێی سەفارەت و کونسڵگەرییەکانەوە وەردەگیرێت.

شایەنی باسە ڤیزای ئەلکترۆنی ئاسانترین جۆری وەرگرتنی ڤیزایە لەدنیادا کە گەشتیار بۆماوەی مانگێک بەبەردەوامی دەتوانێت سوودی لێ ببینێت، جۆری زۆرە و c1 خراترین جۆرییەتی، بەڕاگرتنی ئەم هەنگاوە لەلایەن تورکیا بەرانبەر هەڵگرانی پاسەپۆرتی عێراقی زیاتر لە شکۆی پاسەپۆرتەکە دەدات و لە ڕێزبەندنی خراپتر نزیکی دەکاتەوە.




وشە - محەمەد میران