سه‌رچاوه سیاسییه‌كان دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی ڕاسپێردراو بۆ كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت له ناونانی وه‌زیره‌كانی حكوومه‌ته‌كه‌ی ته‌واو بووه و دووپاتیش له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه حكوومه‌ته‌كه بێ كورد ده‌بێت.
موختار موسه‌وی په‌رله‌مانتار له هاوپه‌یمانی فه‌رتح به پێگه‌ی "
عربی 21"ی ڕاگه‌یاندووه، كه پێشبینی ده‌كرێ عه‌لاوی یه‌كشه‌می داهاتوو ناو ئه‌ندامانی كابینه وه‌زارییه‌كه ڕاده‌ستی په‌رله‌مان بكات، بێ ئه‌وه‌ی هیچ وه‌زیرێكی كوردی تێدا بێت، به‌ڵام وه‌زاره‌ته‌كانیان به به‌تاڵی ده‌هێڵێته‌وه و نایه‌وێ گفتوگۆكانی له‌گه‌ڵ پێكهاته‌ی كورد ببێته هۆكارێك بۆ دواكه‌وتنی پێكهێنانی حكوومه‌ت له واده‌ی یاسایی خۆی.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره ئاماژه‌ی دا، عه‌لاوی له‌گه‌ڵ كورد نه‌گه‌یشتووه‌ته ڕێككه‌وتن و مه‌رجه‌كانی كوردی قبووڵ نه‌كردووه، له پابه‌ندبوون به ڕێككه‌وتنه‌كانی پێشوو و پێدانی وه‌زاره‌ته‌كان به كورد، بۆیه كێشه له نێوان هه‌ردوولا هه‌یه و تا ئێسته یه‌كلایی نه‌بوونه‌ته‌وه.
وه‌زاره‌ته‌كانی كورد به به‌تاڵی ده‌هێڵێته‌وه و دواتر ده‌یه‌وێ له‌سه‌ر وه‌زیره‌كان ڕێك بكه‌وێت
پێشتر بڕیاربوو محه‌مه‌د عه‌لاوی سه‌ردانی هه‌ولێر بكات و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای كوردستان كۆ ببێته‌وه، به‌ڵام به‌هۆی سووربوونی كورد له‌سه‌ر مه‌رجه‌كانی ئه‌و سه‌ردانه‌یش ئه‌نجام نه‌دراوه، ڕه‌نگه بۆ دوای متمانه‌دانی حكوومه‌ته‌كه‌ی سه‌ردانی هه‌ولێر بكات، یان له‌گه‌ڵ كورد له گفتوگۆ به‌رده‌وام بێ، تا پۆسته وه‌زارییه‌كانیان پڕ بكه‌نه‌وه.
موسه‌ننا ئه‌مین په‌رله‌مانتاری كورد له به‌غدا له‌وباره‌وه گوتی، عه‌لاوی پێشتر به‌ڵێنی دا كه به‌لای كه‌مه‌وه سێ وه‌زاره‌تی حكوومه‌ته‌كه‌ی كورد ده‌بن، به مه‌رجێك كه‌سانی لێهاتوو و سه‌ربه‌خۆ بن و له مه‌رجه‌كانی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی ده‌ربچن.
له‌وباره‌وه ماجید شنگالی په‌رله‌مانتاری پارتی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق گوتی، كورد له مافه‌كانی خۆی خۆش نابێ، هاوكات ئاماده‌یشه بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر مه‌رج و پێوه‌ره‌كان، به‌ڵام به هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌سبه‌رداری مافه ده‌ستوورییه‌كانمان نابین.