لۆجیكى ئه‌رستۆ هه‌رچه‌نده به یه‌كێك له گرنگترین داهێنانهكانى فه‌لسه‌فه داده‌نرێت، چونكه رێسایه‌كه بۆ پرۆسه‌ى بیركردنه‌وه، له هه‌مانكاتدا به بۆچوونی هه‌ندێك بیرمه‌ند و فه‌یله‌سووف، ئه‌م لۆجیكه به به‌ڵاى عه‌قڵ و بیركردنه‌وه داده‌نرێت و ته‌نانه‌ت چه‌ندان لێكه‌وته‌ى خراپى هزرى و كۆمه‌ڵایه‌تیى هه‌بووه.
"لۆجیك" وشه‌یه‌كه هه‌موومان ده‌یبیستین و به كارى دێنین، به‌ڵام زۆرجار بایه‌خ به مێژوو و پێناسه‌ى دروستى ئه‌م چه‌مكه ناده‌ین كه له چییه‌وه هاتووه. ته‌نانه‌ت زۆرجار به هه‌ڵه به‌كارى دێنین یان ماناى ته‌واوى خۆى پێ ناده‌ین.
بۆ نموونه، هه‌ندێك جار كه باسى هه‌ندێك شت ده‌كه‌ین، له تواناى عه‌قڵى ئێمه‌دا نییه، یان لێى رانه‌هاتووین و له ده‌ره‌وه‌ى چوارچێوه‌ى هزرمانه، به "نالۆجیكى" وه‌سفى ده‌كه‌ین. به پێچه‌وانه‌وه ئه‌گه‌ر شتێكیش له‌گه‌ڵ تواناى عه‌قڵى ئێمه بگونجێت یان له ژیانى رۆژانه‌مان له‌گه‌ڵی راهاتبین و له ناوه‌وه‌ى چوارچێوه‌ى هزرى ئێمه‌دا بێت، به‌و شته ده‌ڵێین "لۆجیكى".
به‌ڵام ئه‌وه‌ى له بوارى فه‌لسه‌فه پێى ده‌ڵێن "لۆجیك"، چوارچێوه‌ى ئه‌و تێگه‌یشتنه ساده‌یه تێده‌په‌ڕێنێت و قووڵتر ده‌ڕوات. دانهرهكهیشى ئهرستۆتاڵیس فه‌یله‌سووفه كه له نێوان ساڵانى 384 و 322 پێش زاین ژیاوه.
ئه‌رستۆ له چوارچێوه‌ى كتێبێك به ناوى "لۆجیكى ئه‌رستۆ" باسى له‌م زانسته كردووه كه به زۆر له زمانه‌كانى دنیا بڵاو كراوه‌ته‌وه، ته‌نیا تا ئێسته به‌كوردى نییه.
به‌رله‌وه‌ى پێناسه‌ى لۆجیك بكه‌ین، ده‌بێ چه‌ند تێبینییه‌ك له‌سه‌ر ئه‌م كتێبه بخه‌ینه‌ڕوو:
یه‌كه‌میان هه‌ڵبه‌ت وه‌ك خوێنه‌رێكى ئاسایى "كه توێژه‌رى بوارى فه‌لسه‌فه نه‌بێت" ناتوانین له ده‌قه سه‌ره‌كییه‌كان ئه‌م كتێبه بخوێنینه‌وه، واته له نموونه‌ى ئه‌و كتێبه‌ى بیرمه‌ندى گه‌وره‌ى عه‌ره‌ب عه‌بدولڕه‌حمان به‌ده‌وى ئاماده‌ى كردووه، چونكه زۆر قووڵن و خوێنه‌رى ئاسایى به ئاسانى تێى ناگات.
دووه‌م ده‌یان شرۆڤه‌كارى تایبه‌ت به ئه‌رستۆ هه‌ن، كتێبه‌كه‌یان راڤه كردووه و بیرۆكه‌كانیان روون كردووه‌ته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا رێسا سه‌ره‌كییه‌كانى ئه‌رستۆ نهشێوێنراون، هه‌ندێك له‌و شرۆڤه‌كارانه فه‌یله‌سووفى گه‌وره بوون، له نموونه‌ى ئیبن روشد.
كێشه‌ى سه‌ره‌كى ئه‌وه‌یه ئه‌وانه‌ى له‌ناو كورددا له‌سه‌ر فه‌لسه‌فه ده‌نووسن، كوردییه‌كى باش نازانن، ئه‌وانه‌ى كوردییه‌كى باشیش ده‌زانن توخنى لۆجیك ناكه‌ون
به‌م تێبینیانه‌ى سه‌ره‌وه، ده‌مانه‌وێ بڵێین تێگه‌یشتن له لۆجیكى ئه‌رستۆ هێنده ئاسان نییه، خوێنه‌ر كاتێكى زۆرى ده‌وێت تا په‌ی پێ ببات، ره‌نگه لێره‌دا پرسیارى ئه‌وه بكرێت ئایا ئه‌م "زانسته" شایانى ئه‌وه‌یه بۆ تێگه‌یشتنى ماندوو بین؟ دواتر وه‌ڵامى ئه‌م پرسیاره ده‌ده‌ینه‌وه.
تێبینییه‌كى تر له‌سه‌ر نه‌بوونى لۆجیك به "زمانى كوردى". به‌رله‌وه‌ى باس له‌و هۆكاره بكه‌ین كه وه‌رگێڕانى چه‌مكه‌كانى ئه‌م زانسته‌ى دواخستووه، ده‌بێ ئاماژه بۆ ئه‌وه بكرێت كه له رابردوودا خوێنده‌وارى كورد زۆر به چاكى شاره‌زاییان له لۆجیكى ئه‌رستۆ هه‌بووه، به‌تایبه‌تى ئه‌وانه‌ى خوێندنیان له حوجره بووه، چونكه زانستى لۆجیكى "مه‌نتق" یه‌كێك بووه له‌و بابه‌تانه‌ى له هه‌موو حوجرهیهك خوێنراوه، به‌ڵام سوودى خوێندنى ئه‌م زانسته له‌لاى ئه‌وان له سوودى تاكه‌كه‌سى تێپه‌ڕى نه‌كردووه و بۆ ناو رۆشنبیرى و كولتوورى كوردى نه‌په‌ڕیوه‌ته‌وه. بگره ئه‌وان ته‌نیا توانیویانه به زمانى عه‌ره‌بى له‌م زانسته بگه‌ن.
كێشه‌ى سه‌ره‌كیى وه‌رگێڕانى لۆجیك بۆ زمانى كوردى به‌هۆى چهمكهكانیهتى، تۆ كه بڕیارت داوه لۆجیك وه‌ربگێڕیت، ناكرێ ته‌نیا سه‌رجه‌م چه‌مكه‌كانى له‌سه‌ر زمانى عه‌ره‌بى یان ئینگلیزى بهێڵیته‌وه، به‌ڵكو ده‌بێ به‌ر له هه‌موو شتێك چه‌مكه‌كان بكه‌یت به كوردى، له‌م كاته‌یشدا مه‌رجى سه‌ره‌كى كه ده‌بێ له تۆى وه‌رگێڕدا هه‌بێت، ئه‌وه‌یه كوردییه‌كى باش بزانیت تا وشه‌ى گونجاو له برى عه‌ره‌بى یان ئینگلیزییه‌كه دابنێیت.
لێره‌دا گرنگه نموونه‌یه‌كى هاوشێوه بخه‌ینه ڕوو، ئه‌ویش ره‌وانبێژییه، ره‌وانبێژى كه مامۆستا عه‌زیز گه‌ردى كارى له‌سه‌ر كردووه، سه‌رجه‌م چه‌مكه‌كانى به كوردییه‌كى جوان ئاماده كردووه، له لۆجیكیش پێویستمان به كه‌سێكه هاوشێوه‌ى عه‌زیز گه‌ردى كارى له‌سه‌ر بكات.
كێشه‌ى سه‌ره‌كى ئه‌وه‌یه ئه‌وانه‌ى له‌ناو كورددا له‌سه‌ر فه‌لسه‌فه ده‌نووسن، كوردییه‌كى باش نازانن، ئه‌وانه‌ى كوردییه‌كى باشیش ده‌زانن توخنى لۆجیك ناكه‌ون.
نموونه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى له فه‌لسه‌فه شاره‌زان و زمانى كوردى وه‌ك پێویست نازانن، ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر نووسینێكم بینى له‌لایه‌ن كه‌سێك نووسرابوو كه چه‌ندان بڕوانامه‌ى گرنگى له فه‌لسه‌فه هه‌یه، كه‌چى وشه‌ى "مهحمول"ى كردووه به "بارهه‌ڵگر" و "باركراو" وشه عه‌ره‌بییه‌كه یه‌كێكه له چه‌مكه سه‌ره‌كییه‌كانى لۆجیك، كه‌چى خوێنه‌رى كوردى كاتێك چه‌مكه‌كه "بارهه‌ڵگر" به زمانى كوردى ده‌خوێنێته‌وه، ئه‌وا بیری بۆ زۆر شت ده‌ڕوات ته‌نیا لۆجیك نه‌بێت.
لێره‌وه دێینه‌وه سه‌ر پێناسه‌ى "لۆجیك"، لۆجیكى ئه‌رستۆ كه به لۆجیكى رواڵه‌تى "وێنه‌یى" وه‌سف ده‌كرێت، وه‌ها پێناسه ده‌كرێت كه "چه‌ند رێسایه‌كه بیركردنه‌وه و هزر له هه‌ڵه ده‌پارێزن"، واته كۆمه‌ڵێك ئامرازن وا ده‌كه‌ن بیركردنه‌وه‌مان دروست بێت، جا ئه‌و بیركردنه‌وه بۆ هه‌ر شتێك بێت.
به واتایه‌كى تر، ئه‌م لۆجیكه به‌لایه‌وه گرنگ نییه ئێمه بیر له چى ده‌كه‌ینه‌وه؟ به‌ڵكو دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه تۆ چۆن بیر ده‌كه‌یته‌وه؟ لۆجیك مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ رواڵه‌تى واتاكان ده‌كات كه زمانه، بۆیه ئه‌م زانسته له‌سه‌ر دوو كۆڵه‌كه ده‌وه‌ستێت، ئه‌وانیش "عه‌قڵ و زمان"ن.
به بڕواى لۆجیكى ئه‌رستۆ، هه‌ر شتێك له زه‌ین "عه‌قڵ" روو ده‌دات، مه‌عریفه‌یه و مه‌عریفه‌یش له دوو به‌ش پێك دێت، یه‌كه‌میان وێناكردن "ته‌سه‌ور" دووه‌میان باوه‌ڕكردن "ته‌سدیق- ئیعتقاد"، به‌ڵام هه‌ر چۆنێك بێت، شێوه‌ى بیركردنه‌وه له زمانه‌وه به‌رجه‌سته ده‌بێت، بۆیه ئه‌وانه‌ى بایه‌خ به‌م زانسته ده‌ده‌ن، ده‌بێ له بنه‌ماكانى زمان شاره‌زا بن.
ئایا ئه‌م "زانسته" شایانى ئه‌وه‌یه بۆ تێگه‌یشتنى ماندوو بین؟ ئه‌مه ئه‌و پرسیاره بوو كه له سه‌ره‌وه كرا و ئێسته كاتى ئه‌وه هاتووه وه‌ڵام بدرێته‌وه.
به‌ر له هه‌موو شتێك ده‌بێ بزانین وێڕاى ئه‌و ره‌خنانه‌ى رووبه‌ڕووى لۆجیك ده‌بنه‌وه، ره‌خنه‌كان ئاراسته‌ى لۆجیكى ئه‌رستۆ ده‌كرێن، نه‌ك لۆجیكى كرده‌نى. ئێمه نابێ به‌هۆى هه‌ندێك ره‌خنه‌وه لێى دوور بكه‌وینه‌وه. هه‌موو زانستێك لۆجیكى خۆى هه‌یه، ته‌نانه‌ت فه‌یله‌سووف پێشتر دووپاتیان له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه‌ته‌وه كه لۆجیك ده‌روازه‌یه‌كى گرنگه بۆ زانسته‌كان، ئه‌وه‌ى شاره‌زاى له لۆجیك نه‌بێت، متمانه به زانستهكهى ناكرێت.
ده‌كرێ له رێى لۆجیكى ئه‌رستۆ فێرى زۆر شت بین، له‌وانه دیاركردنى چه‌مكه‌كان و پێناسه‌كردنیان، شێوازى به‌ڵگه‌هێنانه‌وه و سه‌لماندنى بۆچوونه‌كان. خاڵێكى تر ئه‌وه‌یه لۆجیكى ئه‌رستۆ له دواى دانه‌ره‌كه‌ى، هیچ پێشكه‌وتنێكى به‌خۆیه‌وه نه‌بینیوه، وه‌ك فه‌یله‌سووف ده‌ڵێن، یه‌ك هه‌نگاو نه‌چووه‌ته پێشه‌وه و یه‌ك هه‌نگاویش به‌ره‌و دواوه نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه، ده‌كرێ به ئه‌رێنى سوود له‌م خاڵه وه‌ربگرین و هێنده بابهتهكان تێكه‌ڵی یه‌كتر نه‌كه‌ین.
له دوو هه‌زار ساڵى رابردوودا چه‌ندان ره‌خنه ئاراسته‌ى لۆجیكى ئه‌رستۆ كراون، له‌وانه ئه‌م لۆجیكه رێژه‌یى نییه و ره‌هایه، ره‌چاوى بارودۆخه كۆمه‌ڵایه‌تی و گۆڕانكارییه‌كان ناكات، هه‌روه‌ها ده‌بێته هۆى داخرانى هزرى، چه‌ندان بیرمه‌ند ئه‌م ره‌خنانه‌یان له لۆجیكى ئه‌رستۆ گرتووه.
هه‌ندێك له بیرمه‌ندان ئاستى ره‌خنه‌كانیان له‌و چه‌ند ره‌خنه‌یه‌ى سه‌ره‌وه تێپه‌ڕاندووه و ته‌نانه‌ت به ئامرازى گه‌وجاندن وه‌سفیان كردووه، چونكه به بڕواى هه‌ندێكیان شێوازى به‌ڵگه‌هێنانه‌وه‌ى ئه‌م لۆجیكه، ئه‌نجامى نوێ به‌ده‌سته‌وه نادات، یاریكردن بووه له‌گه‌ڵ وشه و رسته تا ئه‌و كه‌سه‌ى به‌كاری دێنێ، داكۆكى له به‌رژه‌وه‌ندیى خۆى بكات.
بۆ نموونه "هاوكاریكردنى خه‌ڵك ئه‌ركه، ئه‌وه‌ی ئه‌ركى خۆى فه‌رامۆش بكات سزا ده‌درێت، ئه‌نجام ئه‌وه‌یه تۆ ئه‌گه‌ر هاوكاری خه‌ڵك نه‌كه‌یت، ئه‌وا شاینى سزادانى".
ئه‌گه‌ر سه‌یرى وشه‌ى "ئه‌رك" بكه‌یت، له یه‌كه‌مدا به مانا ئاكارییهكهى "ئه‌خلاق" به‌كار هاتووه، كه‌چى دووه‌م له بوارى یاسایى و كارگێڕى به‌كار هاتووه، كه‌چى ئه‌نجامه‌كه‌ى سه‌یر ده‌ركه‌وتووه، تۆ ده‌توانى سزاى ئه‌و كه‌سانه بده‌یت كه گیانى هاوكارییان نییه، ئه‌مه‌یش سهلماندنێكى ناڕه‌وایه.
هه‌ڵبه‌ته لێره‌دا ده‌رفه‌ت نییه ئێمه تاوتوێى بابه‌ته‌كانى تر‌ى لۆجیك بكه‌ین، به‌ڵام ده‌بێ بزانین ئه‌م لۆجیكه یه‌كێكه له داهێنانه هزرییه‌كانى مێژووى فه‌لسه‌فه و ده‌كرێ زیاتر لێى قووڵ ببینه‌وه.