ئەمڕۆ پێنجشەم 20ی شوبات دەیەمین دانیشتنی دۆسیەی سێوان قادر و منداڵەكانی لە دادگەی سلێمانی بەڕێوە چوو و تێیدا كەسوكاری تۆمەتباری دۆسیەكە شایەتیان دا و پارێزەری دۆسیەی سێوانیش دەڵێت، چاوەڕێبووین ئەوان لەدژی سێوان شایەتی بدەن.
شایەتحاڵەكان چۆن شایەتیان داوە؟
بنار عادل، پارێزەری دۆسیەی سێوان قادر بۆ "وشە" گوتی، ئەمڕۆ دەیەمین دانیشتنی دادگەیی دۆسیەی سێوان قادر بەڕێوە چوو و تیایدا وتەی شایەتی بەرگریكاری تۆمەتبار، كە پێكهاتبوو لە باوك و خوشكێكی و زاوایەكی و خزمێكی زاواكەی، هەروەها وتەی ئامۆزایەكی سێوانیش وەرگیرا كە یاریدەدەری پزیشكییە و لە نەخۆشخانەی سلێمانی یەكەم كەس بووە گەیشتووەتە سەر سێوان.
ئەو پارێزەرە روونی كردەوە، شایەتەكانی تۆمەتبار لە قازانجی تۆمەتبارەكە وتەیان دا، هەرچەندە باوكی تۆمەتبار لەڕووی ئاینییەوە پێڕەوی سەلەفیەت دەكات و دەبوو كە سوێندنی بە قورئان خوێند، وتەكانی ڕاست بوونایە، بەداخەوە قسەكانی هیچی راست نەبوو، بۆیە ئەمڕۆ چاوەڕیی ئەوە نەبووین ئەوان قسەی راست بكەن، بەڵكو لە قازانجی كوڕەكەیان قسەیان كرد، بۆیە باوەڕ ناكەین دادگە ئەو قسانە بەهەند وەربگرێت و ئەوەیش لە كۆتادا دەردەكەوێت.
عادل ئاشكرای كرد كە ئەو یاریدەدەری پزیشكییە كە ئامۆزای سێوان بوو، لە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی ئێشكگر بووە، دوای ئەوەی دەزانێت كە سێوان سووتاوە، دەچێتە نەخۆشخانەكە، بۆیە یەكەم كەس بووە كە چووەتە سەر سێوان و ئەو گوتوویەتی كە دیاری تۆمەتباری هاوسەری سووتاندوونی.
"دانیشتنی دادگە زۆر ئاسایی بەڕێوە دەچێ و دادگە هەموو مافێكی بەم دۆسیە داوە و زۆر وردە و دەیەوێ بەڕاستی بگات و بچووكترین شت بەهەند وەردەگرێت، هەر لە وتەی شایەتحاڵ و ڤیدیۆ و بەڵگە و شۆفێر و دراوسێ و هەموو شتێك"، بنار عادل وای گوت.
شایەنی باسە لە 16ی كانوونی یەكەمی 2018، سێوان قادر و سێ منداڵی لە شارۆكەی چەمچەماڵ بەهۆی ئاگركەوتنەوەوە سووتان و هەمان شەوی رووداوەكە منداڵەكانی سێوان گیانیان لەدەست دا، خۆشی 90%ی جەستەی سووتا، پاش مانەوەی بۆ ماوەی هەشت رۆژ سێوانیش گیانی لەدەست دا، سێوان قادری تەمەن 23 ساڵ و منداڵەكانی دوو كچ و كوڕێك بوون و تەمەنیان پێنج و دوو و یەك ساڵ و نیو بوون.
سلێمانی/ ئاریان محەمەد