ڤیان سەبری: تەكنۆكرات تەنیا پاساوێكە بۆ فەرامۆشكردنی هەندێك لە هێزە سیاسییەكان

:: PM:08:45:23/02/2020 ‌

ڤیان سەبری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق رای گەیاند كە محەمەد عەلاوی راسپێردراوی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی عێراق تەنیا لەلایەن هەردوو هاوپەیمانی "سائیروون" و "فەتح" كاندید كراوە، ئێستەیش كاندیدكردنی وەزیرانی كورد لە حكوومەتەكەی دوور لە هێزە سیاسییەكانی كوردستان پێی رازی نین.
بەشێك لە هێزە سیاسییەكان ناراستەوخۆ لە ژوورە داخراوەكانەوە كاندید دیاری دەكەن
زیاتر گوتی، عەلاوی لەلایەن "سەدرییەكان" و "فەتح" كاندید كراوە، بۆیە ئەو سەربەخۆ نییە و لەلایەن شەقامەوە كاندید نەكراوە و ئەو قسانەیشی لەبارەی سەربەخۆبوونی دەكرێت دوورن لە راستییەوە، بۆیە وەزیرەكان كەسانی سیاسین و دەبێت هێزی سیاسیان هەبێت لێپرسینەوە لە شكستان بكات، هەرچی تەكنۆكراتە دەكرێت پاك و بەتوانا بن و لەلایەن هێزە سیاسییەكانەوە دیاری بكرێن، بەڵام ماقووڵ نییە كەسانێك دیاری بكرێت كە هێزی سیاسیانە نەبێت.

روونی كردەوە، هەموو هێزە كوردستانییەكان كۆبوونەتەوە و رێككەوتوون لەسەر پێویستی یەكخستنی ریز و گوتاری كورد و چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ حكوومەتی نوێی عێراق، ئێمە خاوەن سەركردایەتییەكی سیاسین لە هەرێم كە لە سەرانی هەموو هێزە سیاسییەكان پێكهاتووە و ئەوانن كە بڕیار لەسەر دۆخەكە دەدەن لەسەر بنەمای بەرژەوەندی بالای هەرێمی كوردستان.

سەبری دووپاتی كردەوە كە زۆر دۆسیە چاوەڕوانی عەلاوی دەكەن، لەوانە بەرنامەی حكوومەتەكەی و رێككەوتننەكانی نێوان بەغدا و هەولێر، جیا لەوەی ئێمە پاڵپشتیی داواكاریی خۆپێشاندەرانیش دەكەین كە تا ئێستە ئەو پێوەرانەی بۆ حكوومەتیان دیاری كردووە، دیار نییە جێبەجێ بكرێت كاتێك دەبیستین زۆرینەی كاندیدانی حكوومەتەكە دوور رەگەزنامەیین و تەنكنۆكرات نین. 

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی گوتی، عەلاوی خۆی كاندیدی "سائیروون" و "فەتح"ە و هەمووان دەزانن لەوانەیش شەقام كە پەنجەی تاوان لە كوشتنی خۆپێشاندەران بۆ كوێ درێژ دەكرێت و چەند لایەنێكی سیاسی بەروونی تۆمەتبار دەكرێن بە كوشتن و رفاندنی ئەوان، بۆیە سەرمان سڕ ماوە لە بەڵێنەكانی عەلاوی لەوانەیش لێپرسینەوە لە بكوژانی خۆپێشاندەران و نازانین عەلاوی چۆن ئەو بەڵێنەی جێبەجێ دەكات. 

"كێ دەڵێن كاندیدی وەزارەتەكانی عەلاوی تەكنۆكراتن و حزبی نین، كە ئەوان بەرپرسن لەوەی لە شەقام روودەدات لە گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییەكان و وایان كرد خەڵك بێزار بن، بۆیە هەر ئەو هێزە سیاسییانەن كە بانگەشەی نەیاریان بۆ بەشبەشێنە دەكەن، هەر ئەوانن لە ژوورە داخراوەكانەوە وەزیر كاندید دەكەن، ئەگەر بۆ ئەوان رەوا بێت، بۆچی بۆ هەمووان نەبێت، بۆیە تەكنۆكرات تەنیا پاساوێكە بۆ فەرامۆشكردنی هەندێك لە هێزە سیاسییەكان"، سەبری وای گوت.






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل