فەرماندەیەكی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە كۆچی دوایی كرد

:: AM:10:01:24/02/2020 ‌
وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەواڵی مردنی فەرماندەیەكی باڵای وەزارەتەکەیانی بڵاو کردەوە.

ئەمڕۆ دووشەم 24ـی شوبات، لە ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی پێشمەرگە ئاشكرا كراوە، عەمید محەمەد حەسەن ناسراو بە "ئەبو دژۆ" فەرماندەی لیوای هەشتی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە كۆچی دوایی كردووە.

كەسایەتیەكی خۆشەویست بوو لەناو پێشمەرگە
ڕوونكراوەتەوە، كۆچكردوو یەكێك بوو لە فەرماندە مەیدانییە لێهاتووەكان و خزمەتێكی دیاری بە گەل و نیشتیمان كردووە و كەسایەتیەكی خۆشەویست بوو لەناو پێشمەرگە.

لەبارەی هۆکاری گیانلەدەستدانی پێشمەرگەکە، وەزارەتی پێشمەرگە ئاشكرای كردووە، ئەو فەرماندەیە لەكاتی ئەرك و لەناو بارەگا لە سحێلا بە نەخۆشیەكی كتوپڕ دڵی ‌لە لێدان كەوتووە.

ئەبو دژۆ یەكێك بووە لەو فەرماندانەی لە شەڕی دژ بە داعش ڕۆڵێكی كاریگەری هەبووە و چەندان جار لە سەنگەرەكانی پێشمەرگە هێرشی فراوانی داعشی تێكشكاندووە.



وشە - رامیار جەواد