لە خۆپێشاندانەكانی ئێران 23 منداڵ كوژراون

:: PM:03:57:04/03/2020 ‌



رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بڵاوی كردەوە، بەپێی ئەو لێكۆڵینەوەیەی لەسەر خۆپێشاندانەكانی پایزی رابردووی ئێران ئەنجامیان داوە، دەركەوتووە 23 منداڵ بە تەقەی راستەوخۆی هیزەكانی ئێران كوژراون.

لە نوێترین راپۆرتی رێكخراوەكە كە ئەمڕۆ چوارشەم چواری ئاداری 2020 بڵاو كراوەتەوە، باس لەوە كراوە لەو منداڵ و مێرمنداڵانەی بە هۆی هێزەكانی ئێران كوژراون، 22 كەسیان كوڕ و كەسێكی تریان كچ بووە. تەمەنی ئەوانەی كوژراون زۆربەیان لە نێوان 12 تا 17 ساڵدایە كە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان بە منداڵ هەژمار دەكرێن.

رێكخراوەكە بۆ كۆكردنەوەی زانیارییەكان پشتی بە خزم و كەسوكاری قوربانییەكان بەستووە، تەنانەت لە رێی جیاوازەوە زانیاری سەر كێلی گۆڕی ئەو منداڵانەی دەست كەوتووە كە بەبێ دەنگیی نێژراون. لەسەر كێلەكان ئاماژە بە تەمەنیان كراوە.

زۆربەیان لە رۆژانی دووەم و سێیەمی دەستپێكردنی خۆپێشاندانەكانی ئێران كوژراون.
زۆر لەو منداڵانە فیشەك بە سەر یان بە سینگیان كەوتووە و یەكسەر گیانیان لە دەست داوە. میدیاكانی ئێران بەرپرسیارێتی كوژرانی ئەو منداڵانەی نەخستووەتە سەر شانی پۆلیس و بۆ هەندێك حاڵەت ئاماژەیان بەوە كردووە لە كاتی گەڕانەوەیان لە قوتابخانە، بە دەستێكی نادیار كوژراون.
بەگوێرەی "دۆیچەوێلە" شوێنی نیشتەجێبوونی ئەو منداڵانە لە 13 شار و شەش پارێزگا بووە، زۆربەیان لە رۆژانی دووەم و سێیەمی دەستپێكردنی خۆپێشاندانەكانی ئێران كوژراون.

پێویستە بگوترێ هێشتا ئێران ئاماری قوربانیانی ئەو خۆپێشاندانانەی بڵاو نەكردووەتەوە، لەكاتێكدا باس لەوە دەكرێ سەرووی 700 كەس لە هاووڵاتییانی ئێران كوژراون و بە سەدان كەسی تر بریندار بوون.

خۆپێشاندانەكان دوای گرانكردنی نرخی بەنزین دەستی پێ كرد، بەڵام دروشمەكان لە دژی كۆی سیستمی كۆماری ئیسلامی و گۆڕینی رژێمەكە بەرز كرانەوە.



وشە - سلێمان تاشان