چەند حزبێك لاهوور وەك هاوسەرۆكی یەكێتی پەراوێز دەخەن

:: AM:09:35:08/03/2020 ‌
دوای هەڵبژاردنی لاهوور جەنگی و بافڵ تاڵەبانی بە هاوسەرۆكی یەكێتی، بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست "وشە" كەوتوون، بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ هەریەكە لە پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكگرتوو ئیسلامی، كۆمەڵی ئیسلامی و بزووتنەوەی گۆڕان، دەیانەوێ مامەڵە لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی بكەن وەك سەرۆكی یەكێتی نەك لاهوور جەنگی، ئەوەش بۆ كۆمەڵێك هۆكار دەگەڕێننەوە.

دوای كۆنگرەی یەكێتی كە كۆتایی مانگی دیسێمبەری ساڵی ڕابردوو بەڕێوە چوو، لە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی ئەو حزبەدا، هەریەك لە لاهوور جەنگی و بافڵ تاڵەبانی بە هاوسەرۆكی یەكێتی هاتنە هەڵبژاردن، بەڵام هەریەك لە پارتی و یەكگرتوو و كۆمەڵ و گۆڕان، بەشێوەی ناڕاستەوخۆ دەیانەوێ مامەڵەكانیان لەگەڵ یەكێتی لە ڕێی بافڵ تاڵەبانییەوە بێت، نەك لاهوور شێخ جەنگی.

عەلی باپیر، پێوەندییەكی توندوتۆڵ لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی هەیە 
ئەندامێكی سەركردایەتیی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان كە نەیویست ناوی بهێنرێت، بە"وشە"ـی گوت، "ئەوە كاری ناوخۆیی ئەو حزبەیە كە كێ بە سەرۆك هەڵدەبژێرن و كێ دەكەن بە دەمڕاستی خۆیان، بەڵام وەك كۆمەڵ و مامۆستا عەلی باپیر، پێوەندییەكی توندوتۆڵ لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی هەیە و بێگومان پێوەندییەكانمان لەگەڵیدا زیاتر پەرە پێ دەدەین."

كۆمەڵ و یەكێتی لە گفتوگۆی ڕێككەوتنێكی سیاسیدان و ئەو ڕێككەوتنەشی پێشتر لەسەر پێشنیاری بافڵ تاڵەبانی خراوەتە بەردەستی عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵ، بۆیە بەگوتەی ئەو سەركردایەتییەی كۆمەڵ، "بافڵ تاڵەبانی بۆ ئەوان نزیكترە و لێكتێگەیشتنیان لەگەڵیدا هەیە بۆ كاری سیاسیی پێكەوەیی".

كوڕەكانی نەوشیروان مستەفاوە، زیاتر لە بافڵ تاڵەبانی نزیكن 
هەرچی بزووتنەوەی گۆڕانە بەهۆی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفاوە، زیاتر لە بافڵ تاڵەبانی نزیكن، بەو هۆیەشەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو دەكەن نەك لاهوور جەنگی.

سەرچاوەیەكی ناو گۆڕان، بە"وشە"ـی گوت، "دوای هەڵبژاردنی بافڵ تاڵەبانی، چیا و نما نەوشیروان مستەفا لە دەباشان سەردانی بافڵیان كردووە، ئامادەیی گۆڕانیان پێشان داوە بۆ لێكنزیكبوونەوە و دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكانی نێوانیان، بەڵام سەردانی لاهوور جەنگییان نەكردووە".

دووپاتیشی كردەوە، "گۆڕان لە لاهوور نیگەرانە لەبارەی هەندێ هەڵوێستی ڕابردووی بەرانبەر بە بزووتنەوەكە، وەك هەڕەشەكردن و قسەی ناخۆش لە كۆڕ و كۆبوونەوەكان بەرانبەر گۆڕان و ئازاردانی هەڵسووڕاوەكانمان لە سەرەتای دروستبوونی گۆڕاندا".

"وشە" ئەوەیشی زانیوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان بەهۆی خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەر كە لەسەر كوڕانی شێخ جەنگی بوو بە ماڵ، ئارەزووی پێوەندی لەگەڵ لاهوور ناكەن و پێ دەچێت ئەو حزبەش بەشێوەی ناڕاستەوخۆ هێندە لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی هەڵسوكەوت و گفتوگۆ بكەن، ئەوەندە لەگەڵ لاهوور جەنگی نەیكەن.

 بڕیار و دارایی یەكێتیش هەر لای بافڵ دەمێننەوە
جگە لە هێز و لایەنە سیاسییەكان، لەسەر ئاستی دەرەوەش زیاتر كۆبوونەوە و گفتوگۆ و سەردانی شاندە دەرەكییەكان ڕوو لە بافڵ تاڵەبانین، لەناو یەكێتیش ئەگەرچی لە كۆنگرەدا لاهوور زۆرترین دەنگی هێنا، بەڵام پشتئەستوورە بە بافڵ تاڵەبانی و بڕیار و دارایی یەكێتیش هەر لای بافڵ دەمێننەوە.

غازی حەمەڕەشید ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتی، بە"وشە"ـی گوت، "یەكێتی بڕیاری داوە ئەو دوو هەڤاڵە هاوسەرۆكی بن، ئەوەی كێ هاتووەتە هەڵبژاردن پێوەندیی بە یەكێتییەوە هەیە نەك لایەنەكانی تر، كەسیش ناتوانێ دەست بۆ یەكێتی ڕابكێشێت لەسەر ئەو پرسە، ئەوان ئێستە هاوسەرۆكی یەكێتین و جێبەجێكاری سیاسەت و پێڕەوی ناوخۆی حزبەكەن".




وشە - تایبه‌ت

ئه‌م بابه‌ته 6669 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌