وەزارەتی تەندروستی عێراق چۆنیەتی چارەسەركردنیان بۆ كۆرۆنا ئاشكرا دەكات

:: PM:10:09:10/03/2020 ‌

هاوكات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سەرانسەری دنیا، هەوڵەكان بۆ كۆنترۆڵكردنی بڵاوبوونەوەی و زاڵبوون بەسەریدا بەردەوامە، وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاماری تووشبوون رادەگەیەنێت و چارەسەرێكی كاریگەری ئەو ڤایرۆسەیش ئاشكرا دەكات.
تا ئێستە دۆخەكە لە عێراق لەدەست دەرنەچووە
جەعفەر عەلاوی، وەزیری تەندروستی عێراق ئەمڕۆ سێشەم گوتی، ئاماری تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە عێراق گەیشتووەتە 71 تووشبوو و ئێستە وەزارەتەكە پشت بە كارمەندان و تیمی پزیشكی عێراقی دەبەستێت بۆ دۆزینەوەی پێكوتەی دژ بەو ڤایرۆسە بۆ كەسانی ئاسایی و بۆ نەخۆشانیش كە چاكبوونەتەوە بۆ تووشنەبوونەوەیان.

زیاتر گوتی، تیمە پزیشكییەكانی عێراقی بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا، چارەسەری نەخۆشی ئایدز و مەلاریا بەكار دێنن و سەركەوتنی لە رووبەڕووبوونەوەی چەندان حاڵەتی تووشبوو بە كۆرۆنا سەلماندووە و ئەوانەیش لەلایەن رێكخراوی تەندروستی جیهانییەوە مۆەڵەتی بەكارهێنانیان هەیە.  

دووپاتی كردەوە كە عێراق سەركەوتوو بووە لە رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا بە بەراورد بە بەریتانیا و فڕەنسا و ئیتاڵیا و ئاماژەی كرد كە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە لە ئێرانەوە، توانیمان سەركەوتوو بین لە مامەڵەكردن لەگەڵیدا.

لەوكاتەی سەركردایەتی پۆلیسی نەجەف رای گەیاند كە لەمشەوەوە و بۆ ماوەی هەفتەیەك هەموو دەروازەكانی پارێزگاكە دێتە داخستن وەك رێوشوێنی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتی تەندروستی عێراق، دكتۆر سەیف بەدر گوتەبێژی وەزارەتەكە رای گەیاند كە تاقیگەكانی سەر بە فەرمانگەی تەندروستی گشتی چاكبوونەوەی 15 حاڵەتی تووشبوونی بەو ڤایرۆسەیان راگەیاندووە، 11 حاڵەت لە بەغدا و چواری تر لە پارێزگای كەركووك. 






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل