مامۆستایه‌كی لقی زانسته بنه‌ڕه‌تییه‌كانی كۆلێژی پزیشكی زانكۆی هه‌ولێری پزیشكی و ئه‌ندامی لیژنه‌ی خۆپاراستن و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنــا، ڕاپرسییه‌كی ئه‌نجام داوه و ڕای گه‌یه‌نێت، هێشتا ترس له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا به‌هۆی كۆرۆناوه زاڵه.
ئه‌مڕۆ شه‌موو 14ی ئادار، د. تۆڵه فه‌ره‌ج مامۆستا له لقی زانسته بنه‌ڕه‌تییه‌كانی كۆلێژی پزیشكی زانكۆی هه‌ولێری پزیشكی بۆ "وشه" گوتی، كۆرۆنــــا سه‌رانسه‌ری دنیای ته‌نیوه و تووشبوو و قوربانی به ڕێژه‌ی جۆراوجۆر لێ كه‌وتووه‌ته‌وه، بهلاَم ده‌كرێت په‌تای كۆرۆنــــا بكه‌ین به ئهزمـــوون و سه‌ركه‌وتن.
هاووڵاتییان زانیارییه‌كانیان سنووردارن و ده‌ترسن
د. تۆڵه فه‌رج كه هاوكات ئه‌ندامی لیژنه‌ی خۆپاراستن و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنــایه، ڕاپرسییه‌كی 24 سه‌عاتی به كۆی 20 پرسیار و سه‌رووی 100 به‌شداربووی ئه‌نجام دا. ئه‌و ده‌ڵێت، ئه‌نجامه‌كانی ڕاپرسییه‌كه ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن كه كۆمه‌ڵگه به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له ئاستی هۆشیاری باشه له ڕووی ژماره و ئاستی دیاریكراوی به‌شداربووان، بهلاَم هاووڵاتییان زانیارییه‌كانیان سنووردارن و ترس و دڵه‌ڕاوكێ به ڕوونی ده‌رده‌كه‌وێت له شێوازی وهلاَمدانهوهكان.
ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه هێشتا هه‌ندێك هاووڵاتیی ترسیان له ڤایرۆسه‌كه هه‌یه، ئه‌وه‌یش به‌هۆی به‌كارهێنانی تۆڕه كۆمهلاَیهتییهكان وه‌ك سه‌رچاوه و بهربلاَوی و پۆلین نه‌كردنی ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن وه‌ك سه‌رچاوه‌ی زانیاری له رووی بوونی متمانه و دروستی هه‌واڵه‌كان، بۆیه به‌شێك له به‌شداربووان ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن به تۆقێنه‌ر ناو ده‌به‌ن له ڕووی گه‌وره‌كردنی بابهتهكان، بلاَوكردنهوهی ترس و گه‌وره‌كردنی قه‌باره‌ی بابه‌ته‌كه له ئاست بلاَوبوونهوه و كوشنده‌یی كۆرۆنــــا.
ئه‌و راپرسییه له‌كاتێكدایه كه ئه‌مڕۆ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا ڕاگه‌یه‌نرا، هاوكات هێشتا ئاماره‌كان له به‌رزبوونه‌وه‌دان و پێشبینی ده‌كرێ له چه‌ند ڕۆژی داهاتوو ژماره‌یه‌كی تر له تووشبووان ڕابگه‌یه‌نرێ، به‌ڵام له كۆی ئاماره‌كاندا ته‌نیا یه‌ك كه‌س مردووه.