سترانبێژی كورد بڵند عه‌بدوڵا له به‌رانبه‌ر ئه‌و ئه‌ركه قورسه‌ی پزیشك و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا كه‌وتووه‌ته ئه‌ستۆیان، سترانێكی بڵاوكرده‌وه و پزیشك و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی به فریشته‌ی سپی ناو ده‌بات.
له‌باره‌ی ئه‌و به‌رهه‌مه نوێیه‌ی بڵند عه‌بدوڵا به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، بیرۆكه‌ی ئه‌و به‌رهه‌مه بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه پزیشكان و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی كارێكی قورسیان له ئه‌ستۆ گرتووه، له‌و دۆخه‌ی ئێسته هه‌یه، بۆیه منیش هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به بینینی ئاماده‌كارییه‌كانی ئه‌وان بۆ ڕوبوهڕوبوونهوهی كۆرۆنا ئه‌و بیرۆكه‌یه‌م بۆ هات، كه به سترانێك وه‌ڵامی خزمه‌ته‌كانی ئه‌وان بده‌مه‌وه.
زیاتر گوتی، به‌وهۆیه‌وه داوام له سه‌ركه‌وت ڕه‌سووڵی شاعیر كرد كه هاوكارم بێت و تێكستێك بهۆنێته‌وه و منیش ئاوازی بۆ دابنێم و ئه‌ویش پاڵپشتی بۆ ده‌ربڕیم و تێكستێكی بۆ ئاماده كردم.
بڵند عه‌بدوڵا ئاماژه‌ی دا، كه مه‌به‌ست له‌و كاره ئه‌وه‌یه كه هێزێك بده‌ینه به‌ر ئه‌و قاره‌مانانه كه له ڕیزی پێشه‌وه‌ی ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنان، هه‌م چاره‌سه‌ری نه‌خۆش ده‌كه‌ن و هه‌میش ڕێگری له بڵاوبوونه‌وه‌ی زیاتری ڤایرۆسه‌كه ده‌كه‌ن و سه‌لماندیان كه چه‌ند دڵسۆزن بۆ كاره‌كانیان و چه‌ند بوێر و ئازان و ئه‌وان فریشته‌ن و ئێمه‌یش سوپاسگوزارییان بۆ ده‌رده‌بڕین.
ڕوونی كرده‌وه، كه كوردستان ڕێكاری باشی بۆ ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا گرتووه‌ته‌به‌ر و من له سویدم، به‌ڵام ده‌بیستم كه كوردستان زۆر ئازایانه ڕووبه‌ڕووی كۆرۆنا بووه‌ته‌وه و ڕێكار و ڕێوشوێنی زۆرباش گیراوه‌ته‌به‌ر و ڕێگری كراوه له‌وه‌ی ژماره‌ی تووشبووان و مردووان و زۆر زیاد بكه‌ن، بۆیه داوا له هاووڵاتییانیش ده‌كه‌م، كه پابه‌ندی ڕێنماییه‌كانی حكوومه‌ت بن و ڕێنماییه ته‌ندروستییه‌كانیش جێبه‌جێ بكه‌ن.
سلێمانی/لۆڤه محه‌مه‌د.