یاسای چاكسازیكردن لە مووچە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە

:: PM:08:09:21/03/2020 ‌
بەمدواییە وا بڵاو كرایەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە ناتوانێت مووچە بدات، بەڵام زانیارییەكانی "وشە" ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە حكوومەت كار بە یاسای ژمارە دووی ساڵی 2020 دەكات، كە ئەنجامدانی چاكسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و خانەنشین و ئیمتیازاتەكانی تر دەگرێتەوە.

یەكێك لە هێلە گشتییەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێم ئەنجامدانی چاكسازی بوو لە گشت كەرتەكاندا و یەكەم چاكسازیشی لە مووچەوە دەست پێ كرد، كە لە یاسای چاكسازی لە مووچە و دەرماڵە و خانەشین و ئیمتازاتەكانی تری بوو و ڕەوانەی پەرلەمانی كوردستانی كرد و لە دانیشتنی ژمارە 15ی ئاسایی بە زۆرینەی دەنگ پەسند كرا.

بە پێی زانیارییەكانی "وشە"، حكوومەت لە ئەگەری بەردەوامبوونی دابەزینی نرخی نەوت، دەستكاری مووچەی فەرمانبەران ناكات، ئەو ماوە یاساییەی بۆی دانراوە بۆ یاسای چاكسازی لە مووچە، جێبەجێ دەكات. 
هاوكات رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كورستان دوێنێ رای گەیاند، حكوومەتی هەرێم مەبەستی نییە دەست بۆ مووچەی خەڵكی خۆی ببات، ئێمە ناڵێین هیچ دەبڕین، بەڵكو رێكی دەخەینەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست "وشە" كەوتووە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە خاڵی پێنجەمی یاسای چاكسازی دەست پێ دەكات كە ئەویش ڕیكخستنەوەی گشت دەرماڵەكانە كە دەرماڵە ناجێگیر و جێگیرەكانە.

دەرماڵە ناجێگیرەكان:
بەشێكی ئەو  فەرمانبەرانە دەگرێتەوە كە ئەو دەرماڵەیان وەرگرتووە، دەرماڵەی 150 هەزار دیناری مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە. هەروەها ڕاژەی زانكۆیی كە مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆ دەگرێتەوە.

ئەوانەی شایستەی دەرماڵەن وەك خۆی دەمێنێتەوە

 هاوكات بەشێكی تر لە دەرماڵە ناجگێرەكان ئەوانەن كە مەترسی، خواردن، پایە، نازناوی زانستی، چاودێری و پیشە.. هتد، حكوومەت دەرماڵەكان رێك دەخاتەوە.

هاوشان محەمەد سەعدەدین، بڕیاردەری لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان بۆ "وشە" روونی كردەوە، ئیتر حكوومەت بە پێی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لە  مووچە و دەرماڵە و بەخشین و خانەشینی و ئیمتازاتەكانی تر، لیستی مووچە را دەگەیەنێت، كە ئەوەیش لە بەرژەوەندیی فەرمانبەران و رێكخستنەوەی و دابەشكردنی مووچەیە بە یەكسانی.

لەبارەی بڕینی دەرماڵەی فەرمانبەرانیشەوە ئاشكرای كرد ، هەموو ئەوە دەرماڵانەی بە نایاسایی وەرگیراون رێك دەخرێنەوە بۆ نموونە، فەرمانبەرێكی وەزارەتی كارەبا كە لەسەر ستوونەكانەكانی كارەبا كار دەكات و مەترسی لەسەر ژیانی هەیە، لەگەڵ فەرمانبەرێكی ناو وەزارەت هەمان دەرماڵە وەبگرن، بۆیە رێك دەخرێتەوە.

رەنگە لە سەرتای مانگی داهاتوو لیستی دابەشكردنی مووچە رابگەیەنێن

بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان دڵنیایی دا، ئەوانەی شایستەی دەرماڵەن وەك خۆی دەمێنێتەوە، فەرمانبەران لە نایەكسانی لە وەرگرتنی مووچە رزگاریان دەبێت.

دەرماڵە جێگیرەكان دەستكاری ناكرێت
هەموو فەرمانبەران  مووچەی بنەڕەتی لەگەڵ دەرماڵەی جێگیریان هەیە  ئەوانیش" بڕوانامە، هاوسەرگیری، منداڵە،  كە حكوومەت دەستكاری ئەو دەرماڵانە ناكات.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" حكوومەت لیستی نوێی مووچەخۆران بە پێی یاسای چاكسازی ئامادە كردووە، بەڵام بەهۆی هەبوونی چەند كێشەیەكەوە راگەیاندنی لیستەكە دواخراوە، رەنگە لە سەرتای مانگی داهاتوو لیستی دابەشكردنی مووچە رابگەیەنێن.

حكوومەت بۆ دەیەوێت دەرماڵەكان رێك بخاتەوە؟
حكوومەتی هەرێم لەو پارەیەی بۆ دەرماڵەكان لێی دەڕوات سەرووی %50یە، ئەمەیش لە كۆی مووچەی فەرمانبەران 880 ملیار دینارە، كە دەكاتە 450-475 ملیار دینار بۆ حكوومەت بگەڕێتەوە.


وشە - زریان تەها