پەیامێك لە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە

:: PM:12:18:22/03/2020 ‌

 

مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یامێكدا ئاشكرای ده‌كات وه‌ك پێویست هاوكاری ده‌زگا پێوه‌ندیداره‌كان نه‌كراوه‌، تكایش له‌ هاووڵاتییان ده‌كات پابه‌ندی رێنوێنییه‌كان بن.

ئەمڕۆ یەكشەم 22ـی ئادار، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكی ئاشكرای كردووە، بەداخەوە ژمارەی تووشبووان لە هەرێمی كوردستان و بە تایبەتیش لە پارێزگای سلێمانی لە هەڵكشاندایە، هۆكارەكەش ئەوەیە كە وەك پێویست هاوكاریی داودەزگا پێوەندیدارەكان ناكرێت و رێكارەكان لەلایەن ژمارەیەك خەڵكەوە جێبەجێ ناكرێن .

پابەندی رێنوێنییەكانی هەردوو وەزارەتی تەندرووستی و ناوخۆ بن  



سەرۆكی حكوومەت باسی لەوەش كردووە، داوا لە هەموو هاووڵاتییان و دانیشتووانی هەرێمی كوردستان دەكەم كە پابەندی رێنوێنییەكانی هەردوو وەزارەتی تەندرووستی و ناوخۆ بن بۆ ئەوەی رێ لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا بگیرێت.
 
ڕوون كراوەتەوە، سەرەڕای ئاگەداركردنەوە و گرتنەبەری هەموو رێكارە پێویستەكان لە لایەن داودەزگاكانی حكوومەتەوە، بەداخەوە هێشتا لەلایەن هەندێك كەسەوە سەرپێچیكردن بەردەوامە و بەو رەفتارەشیان نەك هەر ژیانی خۆیان، بەڵكو ژیانی كەسوكاریان و سەرجەم خەڵكی كوردستان دەخەنە مەترسییەوە.

سەرۆكی حكوومەت لە پەیامەكەیدا باسی لەوەش كردووە، بەداخەوە ژمارەی تووشبووان لە هەرێمی كوردستان و بەتایبەتیش لە پارێزگای سلێمانی لە هەڵكشاندایە، هۆكارەكەش ئەوەیە كە وەك پێویست هاوكاریی داودەزگا پێوەندیدارەكان ناكرێت و رێكارەكان لە لایەن ژمارەیەك خەڵكەوە جێبەجێ ناكرێن و پێشێلكاریش لە خاڵە سنوورییەكان بەردەوامە.

"هیچ بەرژەوەندییەكی تایبەت ئەوە ناهێنێت ژیانی خۆتان و خەڵكیش بخەنە مەترسییەوە. لێرەدا بە پێویستی دەزانم داودەزگاكانی پێوەندیداری حكوومەت رێكاری توندتر بەرانبەر بە سەرپێچیكاران بگرنەبەر و ئەوانەی یاری بە ژیانی خەڵك دەكەن ڕووبەڕووی یاسایان بكەنەوە". سەرۆكی حكوومەت لە پەیامەكەیدا وایگوتووە.

سەرۆكی حكوومەت ئەوەشی باس كردووە، هیوادارم هاووڵاتییانی خۆشەویست مەترسیی ئەو پەتایە زیاتر بە جدی وەربگرن. ئەوەی لەسەر حكوومەت بووە كردوومانە و بەردەوامیش دەبین، بەڵام پێویستە هەموومان هاوكاری یەكتر بین، رۆڵی حكوومەت و هاووڵاتییان لەم دۆخەدا تەواوكەری یەكترە.

لەبارەی سیستمی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان ڕوون كراوەتەوە، توانای سیستمی تەندروستیی هەرێم سنووردارە و لە كاتی بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتاكە، كێشەكان زیاتر دەبن و ئەوكاتیش گلەیی فریای كەس ناكەوێت. هەر بەهەند وەرنەگرتن یان كەمتەرخەمییەك دەتوانێ ئەنجامی كارەساتباری هەبێت. لەسەر هەموو كەس و لایەنێك پێویستە واز لە بەرژەوەندیی تایبەت بهێنن و خەمی گشتیی خەڵكی كوردستان بكەن بە خەمی خۆیان، چونكە كەس لە شوێنەوار و كاریگەرییەكانی ئەم پەتایە بەدەر نابێت.

لە كۆتایی پەیامەكەدا هاتووە، تكا لە هەموو هاووڵاتییانی كوردستان دەكەم بە هەستێكی بەرپرسیارانە ڕێنوێنییەكان ڕەچاو بكەن و ژیانی خۆیان و كەسوكاریان و هاونیشتمانیان بپارێزن. تكاتان لێ دەكەم لەم ماوە دیاریكراوەدا لە ماڵەوە بمێننەوە و كەمترین پێوەندیی و هاتوچۆتان هەبێت و سوپاسی خۆراگریی زۆرینەی خەڵكی كوردستان دەكەم. سوپاس و پێزانینم ئاراستەی تیمە تەندروستییەكان و ئەو پزیشك و پەرستارانە دەكەم كە لە هێڵی پێشەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم پەتایەن. سوپاسی هێزەكانی ناوخۆ  و كارمەندانی شارەوانی و كارەبا و هەموو دەزگا خزمەتگوزارییەكان دەكەم كە شەو و رۆژ لە پاراستنی خەڵك و جێبەجێكردنی رێنوێنییەكان بەردەوامن.



 



وشە - رامیار جەواد