پێنج پەرەسەندنی دڵخۆشكەر لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە

:: PM:06:18:23/03/2020 ‌

تا ئێستە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و تۆماركردنی حاڵەتی نوێی تووشبوون و مردن لە سەرانسەری دنیا بەردەوامە، لەپاڵ هەوڵە زۆرەكان بۆ رووبەڕووبوونەوە و دۆزینەوەی چارەسەری و خۆپاراستن لێوەی، سەرەڕای زاڵبوونی هەواڵەكانی مردن بەسەر چاكبوونەوە لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا، بەڵام پەرەسەندنی ئەرێنیش هەبووە لەوانە: 
خۆجیاكردنەوە و بەهێزكردنی بەرگری لەش باشترین چارەسەرییە
1-تا ئێستە ژمارەی مردووان بەهۆی ڤایرۆسەكە لە 15500 نزیك دەبێتەوە، ئەوەیش 1%ی ژمارەی تووشبووانە كە 350 هەزار كەسی تێپەڕاندووە و 100 هەزار حاڵەت زیاتر چاكبوونەتەوە، لەوكاتەی ڤایرۆسی سارس لە 2003 ژمارەی تووشبووانی كە مردوون 10%ی تووشبووان بووە و ڤایرۆسی ئیبۆڵا كە لە 2014-2015 بڵاو بووەوە، 90%ی تووشبووانی كوشتووە.

2-پزیشكان دووپاتی دەكەنەوە كە مرۆڤەكانی خاوەن سیستمی بەرگری بەهێزی لەشیان دەتوانن بەسەر تووشبوونی سووكی ڤایرۆسەكەدا زاڵ ببن، تەنانەت بێ وەرگرتنی چارەسەریش، بۆیە بۆ بەهێزكردنی سیستمی بەرگری لەشت دەتوانی ئەو خۆراكانە بخۆیت كە پێویستن وەك مزرەمەنی و بادەم و سیر و برۆكلی و زەردەچەو و ماست. 

3-ئامارە پزیشكییەكان بە تێبینیكردنی ئەوانەی لەو ڤایرۆسە چاكبوونەتەوە و ژمارەیان زیاتر لە 100 هەزار حاڵەتە، دەریان خستووە كە 99%ی تووشبووان چاك دەبنەوە و ژمارەی ئەوانەی دەمرن یان دۆخیان زۆر خراپ دەبێت، زۆر كەمە. 

4-چەند جۆرە دەرمانێك سەركەوتنیان لە چارەسەركردنی پەتاكە سەلمێندراوە لەوانە دەرمانێكی ژاپۆنی لە ووهانی چین بەكار هاتووە و ئێستەیش چین سەرقاڵی تاقیكردنەوەی پێنج جۆر پێكوتەیە دژ بەو ڤایرۆسە و چاوەڕوان دەكرێت یەكێكیان لە نیسانی داهاتوو ئامادە بێت بۆ بەكارهێنان، جیا لەوانەیش كۆمپانیایەكی دەرمانی ئەڵمانی و یەكێكی تری ئەمەریكی رایان گەیاندووە كە سەرقاڵی پەرەپێدانی پێكوتەن و لە هاوینی ئەمساڵ ئامادە دەبێت بۆ تاقیكردنەوەی كلینیكی.

5- پرۆسەی دابڕین و كەرەنتینەكردن بۆ كەسانی تووشبوو و گومانلێكراوانی تووشبوون بەو ڤایرۆسە سەركەوتنی سەلماند لە رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە، كاتێك ئەمڕۆ دووشەم لە ئیتاڵیا ژمارەی تووشبووان لە هەرێمی لۆمپاردیا لە باكوری ئەو وڵاتە بۆ یەكەمجار بۆ نیوە كەمی كردووە. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل