له‌وكاته‌وه‌ی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له كوردستان راگه‌یه‌نراوه، ته‌نیا یه‌ك حاڵه‌تی رووداوی هاتوچۆ له هه‌ولێر تۆمار كراوه و به هۆیه‌وه كه‌سێك گیانی له ده‌ست داوه. پۆلیسی هاتوچۆی هه‌ولێر ده‌ڵێ پێشتر رۆژانه لانی كه‌م سێ رووداو تۆمار ده‌كران.
قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆ ته‌نیا سوودی بۆ ئه‌وه نه‌بووه رێگری له گواستنه‌وه‌ی كۆرۆنا بكات، به‌ڵكو قازانجی تریشی هه‌بووه و خوا ده‌زانێت ئه‌گه‌ر قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ به هۆی كۆرۆنا له ئارادا نه‌بووایه، چه‌ند كه‌س به هۆی رووداوی جیاوازی هاتوچۆ گیانیان له ده‌ست ده‌دا.
فازڵ حاجی گوته‌بێژی پۆلیسی هاتوچۆی هه‌ولێر بۆ "وشه" ئاماژه‌ی دا، شتێكی سروشتییه كاتێك قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ هه‌بێت رووداویش نابن یان زۆر كه‌م ده‌بێت. ئه‌و روونی كرده‌وه پێش ئه‌م دۆخه رۆژ نه‌بووه سێ رووداوی هاتوچۆ روو نه‌دات و هه‌ندێك جار ئه‌م رووداوانه گیان له‌ده‌ستدانیشیان تێدابوو و چه‌ندان كه‌س به‌هۆی رووداوه‌كه ده‌مردن.
ئه‌و روونی كرده‌وه له‌وه‌ته‌ی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ راگه‌یه‌نراوه، ته‌نیا یه‌ك رووداویان هه‌بووه ئه‌ویش هی ئۆتۆمبێلێكی گواستنه‌وه‌ی زبڵ و خاشاك بووه كه له كاتی كشانه‌وه هه‌ستی به بینینی كه‌سێكی كه‌مئه‌ندام نه‌كردووه، دواتر بووه‌ته هۆی گیان له‌ده‌ستدانی كه‌سه‌كه.
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زیاتر له 10 رۆژه قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی له هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاندووه، به‌گوێره‌ی دواین بڕیاری وه‌زاره‌تی ناوخۆش تا یه‌كی نیسان درێژ كراوه‌ته‌وه و جارێ دیار نییه كۆتایی پێ ده‌هێنرێت یان دووباره درێژ ده‌كرێته‌وه.
له‌و ماوه‌یه جگه له‌وه‌ی هاتوچۆ له نێوان پارێزگاكان و شار و شارۆكه‌كان قه‌ده‌غه كراوه، رێ به سوورانه‌وه‌ی ئۆتۆمبێل به‌سه‌ر رێیه سه‌ره‌كییه‌كانیشدا نادرێت و ته‌نیا له ناو گه‌ڕه‌كه‌كاندا هه‌ندێك جار ئۆتۆمبێله‌كان بۆ دابینكردنی پێداویستی رۆژانه‌یان جووڵه ده‌كه‌ن.
ساڵانه له هه‌رێمی كوردستان به سه‌دان هاووڵاتی به‌هۆی رووداوی هاتوچۆ گیان له ده‌ست ده‌ده‌ن
پێویسته بگوترێ ساڵانه له هه‌رێمی كوردستان به سه‌دان هاووڵاتی به‌هۆی رووداوی هاتوچۆ گیان له ده‌ست ده‌ده‌ن و ژماره‌یه‌كی زۆریش كه‌مئه‌ندام ده‌بن، جگه له‌و زیانه زۆره‌ی به‌ر ئۆتۆمبێل و شه‌قامه‌كان ده‌كه‌وێت.