"هیچ تەنگژەیەكی خۆراك لە كوردستان روو نادات"

:: PM:04:31:24/03/2020 ‌
وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دووپاتی دەكاتەوە كە هیچ تەنگژەیەكی خۆراك لە هەرێمی كوردستان ڕوونادات و تا ئێستەیش هاتنی هەموو خۆراك و كەلوپەلێكی ڕۆژانە بەردەوامە.

لە بەشێك لە ماركێتەكانی هەولێر و سلێمانی و چەند ناوچەیەكی تر دیسان قەرەباڵغی بۆ كڕینی كەلوپەل لەلایەن خەڵكەوە دەستی پێ كردەوە، بەڵام وەزیری بازرگانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دڵنیایی دەدات كە تەنگژەی خۆراك دروست نابێ‌.

تا ئێستەیش ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئێران و توركیا بەردەوامە
لەبارەی ئەگەری دروستبوونی تەنگژەی خۆراك لە هەرێمی كوردستان كەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی گوت، هیچ تەنگژەیەكی خۆراك لە ئارادانییە و پێویست نییە خەڵك بكەونە دڵەڕاوكێ‌.

ڕوونیشی كردەوە كە هیچ ئەگەرێكی داخستنی مەرزەكان نییە و تا ئێستەیش ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئێران و توركیا بەردەوامە و ئەگەری داخستنیش نییە.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەپێناو پاراستنی هاووڵاتییانی كوردستان هاتوچۆی مەرزەكانی داخستووە و لەناو شارەكانیش قەدەغەی هاتوچۆ راگەیەنراوە، بەڵام وەك پێشتر دڵنیایی درابوو رۆژانە پێویستی هاووڵاتییان دابین دەكرێ‌.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم