رۆڵی پارە لە گواستنەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنادا

:: PM:08:16:24/03/2020 ‌

ڤایرۆسی كۆرۆنا زۆر بە خێرایی لە دنیا بڵاو دەبێتەوە و ئامرازەكانی بڵاوبوونەوەیشی زۆرن، لە پێشەوەیان مرۆڤ خۆیەتی و دوای ئەو ئەو ئامرازانەن كە بەكاریان دێنێت و لە رێگەیانەوە ڤایرۆسەكە لە كەسێكی نەخۆش و هەڵگرەوە بۆ كەسێكی تەندروست دەگوازرێتەوە، پارە وەك ئامرازێكی مامەڵەكردنی رۆژانە بووەتە جێی ترسی خەڵك تا رادەی ئەوەی بەشێكیان پەنا بۆ پاككردنەوە و شووشتنی دەبەن یان واز لە مامەڵكردن بە پارە دێنن.  
ئەگەری گواستەوەی لاوازە و بە دەستشووشتن چارەسەر دەبێت
ئەو مەترسییە لە بەكارهێنانی پارە بەهۆی بوونی بە ئامرازێكی گواستنەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا وای كردووە هەندێك وڵات هانی خەڵك بدەن بۆ وەستان لە بەكارهێنانی، لەوانە دەزگای "ئۆبن بۆكس"، لە ئەمەریكا داوای لە مامیڵەكانی كردووە كە چیتر پارەی كاش بەكار نەهێنن و زنجیرە چێشتخانەیەكیش لە واشنتن چیتر دراو وەرناگرێت.

ئەوەی دۆخەكەی ئاڵۆزتر كرد توێژینەوەیەك ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەتوانێت بۆ ماوەی 24 سەعات لەسەر مقەبا و تا سێ رۆژ بە زیندووی لەسەر پلاستیك و پۆڵای دژە ژەنگ بمێنێتەوە، كەچی باسی پارەیان نەكردووە، بەڵام دەڵێن كە رەنگە مەترسی گواستنەوەی ڤایرۆسەكەی هەبێت، بەڵام تا ئێستە مەترسییەكانی گواستنەوە بەو رێگەیە بە بەراورد بە رێگەكانیتر كەمتر مەترسیدارە، بۆیە شارەزایانی تەندروستی پێیان وایە گواستنەوەی ڤایرۆسەكە بەو رێگەیە لە كەسێكەوە بۆ یەكێكی تر ئەگەریكی لاوازە.

جولی فیشەر، مامۆستا لە ناوەندی زانستی كۆمەڵناسی لە زانكۆی جۆرج تاون دووپاتی كردەوە، بوونی شوێنەواری ئەو ڤایرۆسە بكوژە لەسەر دراوی دۆلار ئەستەم نییە، بەڵام بە شووشتنی دەست پارێزییەكی باش بۆ ئەوانەی مامەڵەی پێوە دەكەن دروست دەبێت، جیا لەوەیش راگەیاندنەكان لە بانكی ناوەندی ئەمەریكیان گواستەوە كە هەوڵی زۆریان داوە لە پاكی ئەو پارەیەی مامەڵەی پێوە دەكەن دڵنیا ببنەوە. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل

ئه‌م بابه‌ته 728 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌