عێراق.. بڕینی مووچەی فەرمانبەران بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا رەت دەكرێتەوە

:: PM:09:21:24/03/2020 ‌

شانەی تەنگژەی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا راسپاردەیەكی دەركرد بۆ بڕینی رێژەیەك لە مووچەی بەشێك لە فەرمانبەران بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەكە، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش رەتی كردەوە دەستكاری مووچەی فەرمانبەران بكرێت.
لە رووی یاساییەوە ناكرێت و عێراق خاوەن یەدەگی دراوە
ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ سێشەم گوتی، لیژنەی دارایی تاوتوێی راسپاردەكەی شانەی تەنگژەی كرد لەبارەی بڕینی رێژەیەك لە مووچەی پلە تایبەت و فەرمانبەرانی پلە چوار بەرەو سەرەوە، بۆیە دوای وەرگرتنی بۆچوونی راوێژكاری یاسایی دەركەوت كە لە رووی یاساییەوە ئەو كارە ناكرێت. 

زیاتر گوتی، هەر گۆڕانكارییەك لە مووچە دەسەڵاتی حكوومەتە نەوەك پەرلەمان، بۆیە ئەو بڕگە لە راسپاردەكانی شانەی تەنگژە هەڵوەشایەوە كە ئەمڕۆ سێشەم دەری كردبوو، عێراق خاوەن پارەیەكی زیادە لە بودجەی 2019 كە بە چەندان ملیار دۆلار دێتە خەمڵاندن، جیا لە یەدەگی بانكی ناوەندی، بۆیە بڕینی رێژەیەك لە مووچە بۆ چارەسەركردنی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا رەتكراوەیە. 

دوای راسپاردەكەی شانەی تەنگژە، هەیسەم جبووری، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق شێوازی بڕینەكەی روون كردەوە بەوە بڕینەكە كاتییە و بۆ ماوەی دوو مانگە و وەزارەتی تەندروستی و هێزە تەناهییەكان ناگرێتەوە.   





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل