ترەمپ: توركیا و كورد ئامادەن بۆ سازكردنی رێككەوتنی ئاشتی

:: PM:11:15:24/03/2020 ‌

ململانێی نێوان توركیا و كوردی رۆژئاوا لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی سووریا لە 2011 دەستی پێ كرد و دوای چوونی سوپای توركیا بۆ ناو خاكی سووریایش ململانێكان بوونە رووبەڕووبوونەوەی چەكداری و ئەو پرسەیش بووە خاڵێكی شەرمەزاری بۆ سیاسەتی ئەمەریكا لە سووریا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند كە توركیا و كوردی سووریا ئامادەن بۆ سازكردنی رێككەوتنێكی ئاشتی.
توركیا و كورد رازین و رێككەوتنەكە دەكەین
ترەمپ لە میانی دیمانەیەكی لەگەڵ كەناڵی تەلەڤزیۆنی "فۆكس نیوز"ی ئەمەریكی روونی كردەوە، بە توركەكانم گوت رێككەوتن لەگەڵ كورد ساز بكەن و بگەن بە ئاشتی، بەڵام رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا خواستی ئەوەی نەبوو، هەروەها كوردیش ئەوەیان نەویست، لە كۆتادا ناوچەیەك بەناو ئارام دروست كرا، بەو دواییە بوو نزیكەی دوو مانگە.

زیاتر گوتی، ئەوان دەستیان بە جەنگ كرد و دۆخەكە زۆر خراپ بوو و وڵاتانی تریش هاتنە ناو بابەتەكەوە، ئێستەیش پێیان دەڵێم واژوو لەسەر رێككەوتنەكە بكەن، ئەوان بە بەڵێ وەڵام دەدەنەوە و رێككەوتنەكە دەكەین.

لە 9ی ئۆكتۆبەری 2019 هێزەكانی توركیا بە پاڵپشتی هەموو گرووپە توندڕۆكانی سووریا و تۆپخانە و فڕۆكە جەنگییەكان لە سایەی بێدەنگی ئەمەریكا و رووسیا و نەتەوە یەكگرتووەكان، هێرشیان كردە سەر ناوچە سنوورییەكانی باكوری رۆژهەڵاتی سووریا و دەستیان بەسەر رووبەرێكی 30 كیلۆمەتری لەو ناوچەی گرت كە لەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی سووریای دیموكرات بوو.  




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل