حاڵەتی نوێی تووشبوون بە كۆرۆنا لە عێراق تۆمار كرا

:: PM:11:45:24/03/2020 ‌

تا دێت ژمارەی حاڵەتەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە عێراق زیاتر دەبێت، دوای ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی عێراق دوایین ژمارەی تووشبووانی راگەیاند، فەرمانگە تەندروستییەكانی كەربەلا دیوانییە تۆماركردنی هەشت حاڵەتی نوێیان راگەیاند.
دوو هەفتەی داهاتوو یەكلاكەرەوەیە
فەرمانگەی تەندروستیی كەربەلا ئەمڕۆ سێشەم دووپاتی كردەوە كە چوار حاڵەتی دووپاتكراوەی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆمار كراوە، لای خۆیەوە لەمیا حەسناوی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی تەندروستی دیوانییە رای گەیاند كە چوارەم حاڵەتی تووشبوونی دووپاتكراوەیان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆمار كردووە. 

لەوكاتەی ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاماری كۆتایی تووشبووانی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا راگەیاند كە لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوو 50 حاڵەتی نوێی تووشبوون هەبووە و كۆی ژمارەكە گەیشتووەتە 316 حاڵەت و 27 مردنیش هەیە، رێكخراوی تەندروستی جیهانی رای گەیاند كە دوو هەفتەی داهاتوو یەكلاكەرەوەیە سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە.

وائل حەتحەت، بەرپرسی فریاكەوتنی نووسینگەی رێكخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراق گوتی، دۆخی عێراق لە ماوەی داهاتوو بەرەو گەرما دەچێت و بەپێی ئەوەی شارەزایان پێشبینی دەكەن كە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە لە كەشی گەرم كەمتر دەبێتەوە و ئەوەیش پێشهاتێكی باشە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل