دانیشتووانی سێبیران: ئێمە پابەندی رێنوێنییەكان دەبین

:: AM:09:38:25/03/2020 ‌
چەند چالاكێكی كۆمەڵگەی سێبیران لە پەیامێكدا بەناوی كۆمەڵگەكەوە ئاشكرای دەكەن، ئەوان پابەندی هەموو ڕێنوێنییەكان دەبن و نابنە مەترسی بۆ خەڵكی كوردستان.
 
ئەمڕۆ چوارشەم 25ـی ئادار،  كۆمەڵێك چالاكی كۆمەڵگەی سێبیران لە پەیامێکدا دەڵێن، كۆمەڵگەی سێبیران هەموو تووشی ڤایرۆسەكە نەبوون، بەڵكو تا ئێستە 15 حاڵەت هەیە و هەموو حاڵەتەكان كەسی نزیكی ئەو گەنجەن كە لە میدیاكان بڵاو كرایەوە.

پابەندی ڕێنوێنییەكانی تەندروستین و نابنە مەترسی بۆ هیچ كەسێك
ئەو چالاكانە ڕوونی دەكەنەوە، نیگەرانین لە مامەڵەی هەندێك میدیا كە نابەرپرسانە هەوڵی شكاندنی ناو و دەروونی خەڵكی ئێمە دەدەن و ئێمە وەك (ووهان) پێناسە دەكەن، لە كاتێكدا دەتوانن بڵێن سێبیران (ڤۆ)ی ئیتالییە كە سەرەڕای هەبوونی چەند حاڵەتێك، بەڵام پابەندی ڕێنوێنییەكان بوون و ئێستە دۆخەكەی تێپەڕاند و ئارامترین شوێنی ئیتالیایە.

ئەو چالاكانە خەڵكی كوردستان دڵنیا دەکەنەوە، پابەندی ڕێنوێنییەكانی تەندروستین و نابنە مەترسی بۆ هیچ كەسێك، پێویستیان بە هاوكاری هیچ كەسێكیش نییە ئەگەر مەبەستی بێت لەسەر ئەوان خۆی بكات بە ژمارە.

ئەو پەیامەی ئەو چالاكانە لە كاتێكدایە ماوەی چەند ڕۆژێكە چەند دەزگەیەكی ڕاگەیاندن لە كاتی ئامادەكردنی ڕاپۆرتەكانیان، كۆمەڵگەی سێبیران وەك ووهانی چین باس دەكەن كە ئەوەش بووەتە نیگەرانی دانیشتووانەكەی.



وشە - رامیار جەواد