بەهۆی كێشەی زەویوزار كەسێك كوژرا و كەسیكيش برینداربوو

:: PM:12:15:25/03/2020 ‌
بەهۆی كێشەی زەویوزار لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، كەسێك کوژرا وكەسیش بریندار بوو، پۆلیسیش دەستی بە لێكۆڵینەوە كردووە.

ئەمڕۆ چوارشەم 25ـی ئادار، بەرزان عوسمان گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە گوندی غولامی سەر بە شارەدێی سیروان، بەهۆی كێشەی زەویوزار شەڕ دروست بوو.

تۆمەتبارەكە بە برینداری خۆی ڕادەستی پۆلیس دەكات
گوتەبێژ پۆلیسی هەڵەبجە گوتی، لە ئەنجامی شەڕەكە كەسێك بەناوی "ك ، ع، ع" /48 ساڵ/ كوژرا كە جووتیارە و براكەشی بریندار بووە.

ڕوونی كردەوە، لە پاش گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس بۆ شوێنی ڕووداوەكە، تۆمەتبارەكە بە برینداری خۆی ڕادەستی پۆلیس دەكات و دۆسیەی لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە دەكرێتەوە لە بنكەی پۆلیسی سیروان.

ئەو ڕووداوە لە كاتێكدایە لە 20ـی ئادار، بەهۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتی لە سلێمانی كەسێك سێ‌ برا و دایكی كوشت و باوكیشی بەسەختی بریندار كرد، دواتر بەهۆی قووڵی برینەكەی باوكیشی گیانی لە دەست دا.
 



وشە - رامیار جەواد