بڕیارێك لە وەزیری ناوخۆوە

:: PM:05:53:25/03/2020 ‌
وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیارێكی بۆ هێزە تەناهییەكان دەركرد و ڕای گەیاند، ئاڵۆگۆڕی بەو هێزانە ناكرێ‌ كە ئێستە لە ئەركدان تا ئەو كاتەی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ ئاگادار دەكرێنەوە.

ئەو هێزانە لە ئەركدابوون بە مۆڵەت بۆیان قەرەبوو دەكرێتەوە
ئەمڕۆ چوارشەم 25ی ئادار، بەگوێرەی نووسراوێك كە واژووی رێبەری ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی لەسەرە تیایدا هاتووە، ئەو هێزانەی ئێستە لە ئەركدان لەگەڵ ئەو هێزانەی كە لە پشوودان ئاڵوگۆڕیان پێ ناكرێ‌ كە پێكهاتوون لە هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ و بەرگری فریاكەوتن و زێرەڤانی و ئاسایش و پێشمەرگە و یەكەكانی 70 و 80. دووپات كراوەتەوە كە ئەو هێزانە لە ئەركدا دەمێننەوە تا ئەوكاتەی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ ئاگادار دەكرێنەوە.

لە بەشێكی تری نووسراوەكەدا كە "وشە" كۆپییەكی بڵاو دەكاتەوە هاتووە، دوای تێپەڕبوونی ئەو ماوەیە كە ئەو هێزانە لە ئەركدابوون بە مۆڵەت بۆیان قەرەبوو دەكرێتەوە.

ئێستە هەرێمی كوردستان لە قۆناغی قەدەغەی هاتوچۆیە بەهۆی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا و بۆ ئەو قۆناغەیش بە پێویست زانراوە تەواوی هێزەكان لە ئامادەباشیدابن.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم