پێوەندی تووشبوون بە كۆرۆنا و چاوسوورهەڵگەڕان

:: PM:07:22:25/03/2020 ‌

یەكێك لە پەرستارەكانی بەشدار لە چارەسەركردنی نەخۆشانی تووشبوو بە كۆرۆنا لە ئەمەریكا دووپاتی كردەوە كە چاوسوورهەڵگەڕان دەكرێت وەك نیشانەیەكی ئاماژەكار بۆ تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا سەیر بكرێت. 
دەكرێت لە رێگەی شلەی چاوی تووشبوو ڤایرۆسەكە بگوازرێتەوە
چیڵسی ئیرنست، پەرستارێكە لە سەنتەری "لایف كیر" لە كیركلاند، سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە لە واشنتن كار دەكات لەو بارەوە دەڵێت، چاوسوورهەڵگەڕان گرنگترین نیشانەكانی تووشبوونی مرۆڤە بە نەخۆشیی گۆڤید19 كە ڤایرۆسی كۆرۆنا دروستی دەكات.

ئەو لە دیدارێكی كەناڵی "سی ئێن ئێن"ی ئەمەریكیدا زیاتر گوتی، ئەو نیشانەیەم لە هەموو نەخۆشەكان بەدی كرد كە بە هاوشێوەی تووشبوونی چاوە بە هەستەوەری، بەڵام سووربوونەوەكە لە ناوەڕاستی چاو نییە و لە دەورەكەیەتی.

ئەگەرچی ناوەندی كۆنترۆڵكردنی نەخۆشییەكان و خۆپاراستن سوورهەڵگەڕانی چاو یان هەر كێشەیەكی تری چاو ناخاتە ناو لیستی نیشانەكانی پێوەندیدار بە تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆناوە، بەڵام ئەكادیمیای ئەمەریكا بۆ پزیشكی چاو یەكشەمی رابردوو ئاگەداركردنەوەیەكی بڵاو كردەوە لەبارەی بوونی چەند راپۆرتێك ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن دەكرێت ڤایرۆسەكە هەوكردنی پێڵووی چاو دروست بكات.

پەرستارەكە ئاماژەی كرد كە نەخۆشان لەو سەنتەرەی كاری تیادا دەكات، زۆرجار تاكە نیشانەی تووشبوونیان بەو ڤایرۆسە سوورهەڵگەڕانی چاویانە و دوای ئەوە بەشێكیان راستەوخۆ گیان لەدەست دەدەن بێ دەركەوتنی نیشانەی تر وەك تا و كۆكە و هەناسەتەنگی و هەستكردن بە پەستانی بەردەوام لەسەر سنگیان و شین هەڵگەڕانی لێوەكانیان.

توێژینەوەیەكی نوێ ئاشكرای كردووە كە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە شلەی دەردراوی چاوی تووشبووان بەو ڤایرۆسە دۆزراوەتەوە و لەكاتی دەست پێكەوتنی ڤایرۆسەكە دەگوازرێتەوە، رەنگە سەرەتاكەی بە هەوكردنی پێڵوو دەركەوێت و چاو ئاو بكات و سوورهەڵگەڕێت و بەركەوتنی ئەو دەردراوەی چاویش دەكرێت ببێتە رێگەیەك بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل