سلێمانی بڕیارەكانی حكوومەت بەرز دەنرخێنێت

:: PM:09:51:25/03/2020 ‌
بە بڕوای كەسایەتی و شارەزایانی كارگێری ئەو رێكارانەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەرانبەر بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا گرتوویەتییە بەر، جیاوازە لە زۆربەی وڵاتە پێشكەوتووەكان و هۆكار بووە بۆ ئەوەی كۆرۆنا بە خێرایی لە كوردستان تەشەنە نەكات.

سلێمانی، یەكێكە لەو شارانەی كەلەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان و مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانەوە گرنگی زۆری پێ دراوە، لەدوایین بڕیاردا سەرۆك وەزیران بریاریدا بودجەیەكی پێویست بۆ تەندروستی دەربەندیخان تەرخان بكات.

مەلا یاسین مەحموود كەسایەتیی دیاری شاری سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكوومەت لەو دۆخەی نەخۆشییە كردی زۆر لە وڵاتانی پێشكەوتووی دنیا باشتربوو.

رێنوێنی و خۆپارێزیەكانی حكوومەت لەو قۆناغە گرنگ بوون
روونیشی كردەوە كە رێنوێنی و خۆپارێزیەكانی حكوومەت لەو قۆناغە گرنگ بوون، وای كرد بەشێكی زۆر لە هاووڵاتییانی كوردستان لەو نەخۆشیە كوشندەیە پاریزراوبن.

لای خۆیەوە عومەر ئەحمەد پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانكۆی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، باشترین هەنگاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەو رێنوێنییە تەندروستیانەبوو كە هەر لە سەرەتای دەركەوتنی نەخۆشیەكە لە وڵاتانی دراوسێ گرتیە بەر و بەهۆیەوە هاووڵاتییانی وڵاتەكەی خۆی پاراست لە كارەساتێكی مرۆیی.

هەروەها گوتی، وڵاتە زۆر پێشكەوتووەكانی دنیا بەو شیوازەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نەیانتوانی رووبەڕووی ئەو نەخۆشیە ببنەوە تا تووشی كارەسات بوون، بەڵام حكوومەت لە لایەن بڕیاری خێراو لە لایەكیش خۆپارێزی و رێنوێنییەكانی هەر زوو وایكرد هاووڵاتییان بپارێزێت لەو نەخۆشیە.

باسی لەوەش كرد، بە دڵنیایەوە ئەگەر رێكارەكانی حكوومەت نەبوایە توشی كارەسات دەبوین لە كاتێكدا وڵاتێكی دراوسێی وەك ئێران ئێستا گیرۆدەی نەخۆشیەكەیەو بە هەزارانی لێ مردوون.

لای خۆیەوە نەوزاد كامیل، شارەزای بواری ئابووری و سەرۆكی سەندیكای ئابوریناسانی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، كاری هەرەباشی حكوومەت ئەوەبوو پێش ئەوەی كار لە كار بترازێت بەخێرایی لە پێناو ژیانی هاوڵاتیان بڕیاری مانەوەیدا لە ماڵەوەو دەوامی تەواوی فەرمانگەو دەزگاكانی خۆی داخست و دواتریش وڵاتان چاویان لە هەرێمی كوردستان كرد وەك عێراق.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - سه‌رخێڵ هاشم