لەوكاتەی هەموو دنیا جەنگی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەكات، چین نزیك بووەتەوە لە راگەیاندنی سەركەوتن بەسەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە و دەستی بە جموجۆڵ و چالاكییە ئابوورییەكانی كردووەتەوە، مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا رای گەیاند كە وڵاتانی ئەندام لە كۆمەڵەی حەوت درك بەوە دەكەن چین هەڵمەتێكی هەڵخەڵەتاندنی سەبارەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنا پێڕەو كردووە.
حزبی شیوعی چینی هەڕەشەیەكی گەورەیە بۆ سەر تەندروستی و شێوازی ژیانمان
پۆمپیۆ ئەمڕۆ چوارشەم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە واشنتن لە دوای كۆبوونەوەیەك لە رێگەی ئینتەرنێتەوە لەگەڵ هاوتاكانی لە ئەڵمانیا و فڕەنسا و بەریتانیا و ئیتاڵیا و كەنەدا و ژاپۆن گوتی، حزبی شیوعی چینی هەڕەشەیەكی گەورەیە بۆ سەر تەندروستی و شێوازی ژیانمان و ئەو پەتایە ئەوەی زۆر بە جوانی دەرخست.
ئەمەریكا چین بەوە تۆمەتبار دەكات كە لە قۆناغە سەرەتاییەكانی سەرهەڵدانی ڤایرۆسەكە، دیودەرانە نەبووە و بەوەیش رێگەی بە بڵاوبوونەوەی لە دنیا داوە، ئەو كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی كۆمەڵەكە پێش سازكردنی كارەكانی لووتكەی كۆمەڵەبی بیست لە رێگەی ئینتەرنێتەوە دێت كە هەریەك لە ئەمەریكا و چین بەشداری تیادا دەكەن.
پۆمپیۆ دووپاتی كردەوە كە داواكراو ئاراستەكردنی تۆمەت نییە، بەڵكو دۆزینەوەی چارەسەرێكە بۆ ئەو كێشە جیهانییە، ئێمە دەمانەوێ لەگەڵ هەموو وڵاتان لەوانەیش چین كار بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بكەین بۆ پاراستنی زیاترین ژمارەی خەڵك و پەرەپێدانەوەی ئابووری كە ڤایرۆسی ووهانی وێرانی كردووە، بۆیە هەموو وڵاتانی كۆمەڵەی حەوت تەواو درك بەو هەڵمەتە هەڵخەڵەتاندنەی حزبی شیوعی چینی بۆ هەڵاتن لە بەرپرسیارەتییەكە دەكەن.