رێكخراوی بازرگانی جیهانی پێشبینی سەرەتایی بۆ زیانە ئابوورییەكانی كۆرۆنا دەكات

:: PM:11:32:25/03/2020 ‌

هێشتا حكوومەتەكانی دنیا نەهاتوونەتە سەرخۆیان و ناتوانرێت بە وردی خەمڵاندنی تەواو بۆ زیانی ئابووری دنیا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە بكرێت، بەڕێوەبەری گشتیی رێكخراوی بازرگانی جیهانی دەڵێت، خەمڵاندنی ئێستە ئاماژە دەكات كە زیانە ئابوورییەكانی پەتای كۆرۆنا لەوەی تەنگژەی ئابووری 2008 گەورەتر و كاریگەر تر دەبێت. 
كەرتی بازرگانی پاشەكشەیەكی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت
رۆبیرتۆ ئەزیفیدۆ، بەڕێوەبەری گشتیی رێكخراوەكە لە لێدوانێكی تۆماركراو ئەمڕۆ چوارشەم لە ماڵپەڕی ئەلیكترۆنی ئەو رێكخراوە هاتە بڵاوكردنەوە و تیایدا گوتی، پێشبینییەكانی دوایی ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن چوونەوەیەك و داكشانی ئابووری و لەدەستدانی هەلی كار خراپتر دەبێت لەوەی بەر لە زیاتر لە 10 ساڵ لە كاتی تەنگژەی دارایی جیهانی رووی دا. 

روونی كردەوە، پێشبینییەكان بە وردی ئێستە ناكرێت، بەڵام شارەزایانی ئابووری سەر بە رێكخراوەكە پێشبینی دەكەن كە كەرتی بازرگانی پاشەكشەیەكی گەورە بەخۆیەوە ببینێت.

تەواوی وڵاتانی دنیا لە سەرەتای 2020ەوە رووبەڕووی تەنگژەیەكی گەورەی تەندروستی و ئابووری و دارایی هاتوونەتەوە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە لە كانوونی یەكەمی 2019 لە ووهانی چینییەوە دەستی پێ كرد و زیانی گەورەی بە ئابووری دنیا دا، بەتایبەتی لە كەرتەكانی گواستنەوە و گەشتوگوزار و هیتریش، جیا لە داڕمانی بۆرسەكانی جیهانی و دابەزینی نرخی نەوت و وەستانی كارەگەكان و پێشبینی دەكرێت هەر بەو هۆیەوە نزیكەی 25 هەلی كار لەناو بچێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل