ئاژانسی "
رۆیته‌رز" ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م بڵاوی كردووه‌ته‌وه، قاهیره‌ی پایه‌ته‌ختی میسر كه به‌وه ده‌ناسرێته‌وه هه‌رگیز نانوێ، له ئێواره‌ی دوێنێوه چۆڵ بووه و ته‌نیا هێزه‌كانی ته‌ناهی به ئه‌ركی خۆیان هه‌ڵده‌ستن.
به‌پێی ئاژانسه‌كه، بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆ له سه‌عات حه‌وتی ئێواره‌وه تا شه‌شی به‌یانی به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆناوه، وای كردووه شاری قاهیره كه 20 ملیۆن كه‌سی تێدا ده‌ژێت، ببێته شارێكی بێده‌نگ.
ده‌مانه‌وێ خه‌ڵك له ماڵه‌كانیان بمێننه‌وه و نه‌یه‌نه ده‌ره‌وه تا پارێزراو بین
هاووڵاتییه‌كی قاهیره به‌ناوی محه‌مه‌د جه‌به‌لی بۆ ئاژانسه‌كه قسه‌ی كردووه و گوتوویه‌تی، قاهیره شارێكه به‌رده‌وام له جموجووڵدایه و شه‌وان تا به‌یان دوكان و چێشتخانه‌كانی ئه‌و شاره كراوه‌ن، كه‌چی ده‌بینی ئێسته به‌هۆی كۆرۆنا و قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆ، بێده‌نگ بووه.
دووپاتی كرده‌وه و گوتی، "ئه‌مه نه‌خۆشییه و گاڵته نییه، ئێمه ده‌مانه‌وێ خه‌ڵك له ماڵه‌كانیان بمێننه‌وه و نه‌یه‌نه ده‌ره‌وه تا پارێزراو بین".
حكوومه‌تی میسر دۆخه‌كه‌ی به رژدی وه‌رگرتووه و فڕۆكه‌خانه و قوتابخانه و زانكۆكان داخراون، جیاله‌وه‌ی بڕیاری هاتوچۆ له سه‌رانسه‌ری وڵات جێبه‌جێ ده‌كرێت. ئه‌و شوێنانه‌ی بۆیان هه‌یه كراوه‌بن، ده‌رمانخانه و دوكانه‌كانی خۆراكن.
تا ئێسته له میسر كه ژماره‌ی دانیشتووانی زیاتر له 100 ملیۆن كه‌س ده‌بێت، 456 كه‌س تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و 21 كه‌سیش گیانیان له ده‌ست داوه.
به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌باره‌ی كۆرۆناوه بڵاو كراونه‌ته‌وه، له دنیادا نزیكه‌ی 400 هه‌زار كه‌ش تووش بوون و نزیكه‌ی 20 هه‌زار كه‌سیش به‌هۆیه‌وه گیانیان له ده‌ست داوه.