لە هەولێر گرووپێكی قاچاخچی بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییان گیران

:: AM:10:47:26/03/2020 ‌
لەلایەن مەفرەزەكانی هاتوچۆ و زێرەڤانی، گرووپێكی قاچاخچی گواستنەوەی هاووڵاتییان گیران كە بەنیاز بوون بۆ ناو هەولێر بیانگوازنەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 26ـی ئادار، فازڵ حاجی گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لەلایەن مەفرەزە هاوبەشەكانی هاتوچۆ و زێرەڤانی لەسەر رێی هەولێر- گوێر، دوو ئۆتۆمبێل دەستیان بەسەردا گیرا كە پڕ بوون لە عەرەبی دانیشتووی دەوروبەری گوێر كە بەنیاز بوون بەقاچاخ و بێ پشكنین بیانهێننە ناو هەولێر.

شوفێرەكانیش رادەستی پۆلیس كران بۆ ئەوەی بدرێنە دادگا
ڕوونی كردەوە، لەكاتی لێكۆڵینەوە لەگەڵ شوفێرەكان، گوتیان ئەوانە كرێكاری كۆمپانیان، دواتر دەركەوت ئەوانە كرێكاری ئەو كۆمپانیایانە نین، بۆیە سەرنشینەكان رەوانی پشكنینی پزیشكی كران و شوفێرەكانیش رادەستی پۆلیس كران بۆ ئەوەی بدرێنە دادگا.

باسی لەوەش كرد، بەردەوام لەسەر رێیەكانین و پشكنین بۆ هەموو حاڵەتێكی گوماناوی دەكەین، بۆیە داوا لەو كەسانە دەكەین هەوڵی تێكدانی ئاسایشی تەندروستی هەرێم نەدەن، چونكە رێكارییەكان زۆر توندن لەو حاڵەتانە.



وشە - رامیار جەواد