پشكنینی نوێ‌ لە سنووری دەوروبەری هەولێر دەستی پێ‌ كرد

:: AM:11:30:26/03/2020 ‌
پشكنینی نوێ‌ لە دەوروبەری هەولێر دەستی پێ‌ كردووە، لەلایەن لیژنەكانی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا شوێنی كارەكان بۆ دیاریكردنی هەر حاڵەتێك پشكنینیان بۆ دەكرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 26ـی ئادار، سۆزان دلێر كارمەندی پزیشكی لە لیژنەی پشكنینەكان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ پشكنینی نوێ‌ دەستی پێ‌ كردووە، ئەویش بریتییە لە پشكنینی شوێنی كارەكان لە شارۆكە و شارەدێكانی دەوروبەری هەولێر.

نموونەی پشكنینی كۆرۆنا لە كارمەندی بەنزیخانە و دوكان و ماركێت و نانەواخانە و سەموونخانەكان وەردەگیرێ
ڕوونی كردەوە، لەو هەنگاوە مەبەستمانە دڵنیا ببینەوە ئەو شوێنانەی بە بڕیاری ژووری ئۆپراسیۆنەكانی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا كراونەتەوە، ناوەندێك نەبن بۆ بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا.

باسی لەوەش كرد، بۆ دڵنیایی زیاتر و رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەمڕۆ لە شارۆكەی كۆیە نموونەی پشكنینی كۆرۆنا لە كارمەندی بەنزیخانە و دوكان و ماركێت و نانەواخانە و سەموونخانەكان وەردەگیرێ.

ئێستە لە هەرێمی كوردستان كۆی گشتیی تووشبووان بووە 103 هاووڵاتی و دوو كەس گیانی لە دەست داوە و 27 كەسیش چاك بوونەتەوە.



وشە - رامیار جەواد