پارێزگاری سلێمانی: دۆخە سەختەكان کۆتاییان پێ دێت

:: PM:02:08:26/03/2020 ‌
پارێزگاری سلێمانی پەیامێك بڵاو دەكاتەوە و ئاشكرای دەكات، ئەو دۆخە سەختەی هەیە ئێستە پێ‌ دەنێتە قۆناغی كۆتایی و هێندە كەلوپەل مەكڕن كە لە ماڵەكانتان دەمێنێتەوە.

دۆخە سەختەكان پێ دەنێنە قۆناغەكانی كۆتا
ئەمڕۆ پێنجشەم 26ـی ئادار، هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی لە پەیامێكی بۆ هاووڵاتییان ئاشكرای كردووە، پابەندی و خۆپارێزیتان، خۆڕاگریی و خۆبەخشیتان، نیشانەی هۆشیاری و بەرپرسیارێتییە، بۆیە شایانی سوپاس و ستایش و پێزانینێكی زۆرن كە بەهۆی خۆڕاگریتانەوە بە پشتیوانی خودا و هیمەتی مەردان، دۆخە سەختەكان پێ دەنێنە قۆناغەكانی كۆتا.

پارێزگاری سلێمانی داوای لە هاووڵاتییان كردووە، زیاد لە پێویستی خۆیان و خۆراك و پێداویستییەكان مەكڕن، چونكە هەموو ئەمانە ئەگەری خراپبوون و كۆنبوون و بەسەرچوونیان هەیەو سەرەتایەكی ترسناك دەبن بۆ برەودان بە گیانی خۆپەرستی و خوڵقاندنی تەنگژەی ئابووریی.

پارێزگاری سلێمانی داوای لە ماركێت و دوكانەكان دەكات زیاد لە پێویستی خۆیان و خواستی كڕیارەكانیان خۆراك و كەلوپەلی پێویست هەڵنەگرن، چونكە لە ئەگەری هەر خراپبوون و تێكچوونێكدا خۆیان بەرپرسیار دەبن و زیان بە ئاسایشی خۆراك و ئابووریی نیشتمانی دەگەیەنن.

لە كۆتایی پەیامەكەی هەڤاڵ ئەبوبەكر ڕوونی كردووەتەوە، هەموو لایەك دڵنیا دەكەینەوە كە جووڵە و ئاڵوگۆڕی بازرگانیی بەردەوامە، خۆراك و سووتەمەنی و كاڵا و پێداویستییەكان بە قەبارەی زۆر و شیاو لە بەردەستدان، هەموویان لەژێر كۆنترۆڵی وردی چاودێری نرخ و جۆر و قەبارە و دابەشكردنی شیاوانەدان، بە تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، دنیا دووچاری دۆخێكی سەختی ئابووری و بازرگانیی دەبێت، بەڵام هەرێمی كوردستان دەرفەتی ئەوەی دەبێت كە وەك ناوچەیەكی ئارامی پاكی تەندروستیی ببێتە ناوەندێكی بازرگانی و ئابووریی گرنگ.



وشە - رامیار جەواد