هۆكاری گرتنی چەند كەسێك لە دۆڵی باڵەیان روون كرایەوە

:: PM:07:30:26/03/2020 ‌
ئاسایشی سۆران راگەیەنراوێكی لەبارەی گرتنی چەند كەسێكی دۆڵی باڵەیان بڵاو كردەوە و دووپاتی دەكەنەوە، ئەو كەسانە پێشێلی رێنوێنییەكانیان كردووە.

جیا لەم سەرپێچییە هیچ هۆكارێكی تر بۆ گرتنی ئەم هاووڵاتییانە نەبووە
ئەمڕۆ پێنجشەم 26ی ئادار، ئاسایشی سۆران راگەیەنراوێكی بڵاوكردووەتەوە و تیایدا رای گەیاندووە، دوێنێ شەو سێ هاووڵاتیی دۆڵی باڵەیانی سەر بە شارەدێی قەسرێ بە هۆی شكاندنی قەدەغەی هاتوچۆ و هەروەها گواستنەوەی خەڵك بە قاچاخ لە لایەن ئاسایشەوە گیران.

 "جیا لەم سەرپێچییە هیچ هۆكارێكی تر بۆ گرتنی ئەم هاووڵاتییانە نەبووە و دانیشتووانی ئەو ناوچەیەش ئاگادارن دەزانن ئەمانە بۆ گیراوە، بەڵام كەسانێك ئەم بابەتانە یەكسەر دەخەنە قاڵبێكی سیاسییەوە و ڕێگری لە جێبەجێكردنی یاسا دەكەن" ئاسایش وا دەڵێ‌.

لە راگەیەنراوەكەدا نووسراوە، بە هۆی ئەو كەشەی خوڵقێندرا ئێوارەی ئەمڕۆ لە سەر فەرمانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەو سێ كەسە ئازاد كران، ئەوەش دوای ئەوەی جێگری سەرۆكی حكوومەت ئەم داوایەی ئاراستە كردبوو.

لە كۆتایشدا دووپات دەكەنەوە كە هێزەكانی ئاسایش یاسا و ڕێنوێنییەكان جێبەجێ دەكەن و هیچ جیاكارییەك لەم بوارەدا ناكەن. داوایش دەكەن لەم دۆخە سەختەدا هەموو لایەنە سیاسییەكان هاوكار بن تاكو یاسا وەك خۆی جێبەجێ بكرێت.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم