"توركیا ژمارەی راستەقینەی تووشبوون بە كۆرۆنا دەشارێتەوە"

:: PM:11:22:28/03/2020 ‌

توركیا یەكێكە لەو وڵاتانەی ئابوورییەكەی پشت بە گەشتیاری دەبەستێت و خاوەن ژمارەیەكی زۆری دانیشتوانە و ژمارەیەكی زۆری كۆمپانیاكانیشی لە سەراسەری دنیا كار دەكەن، بۆیە پێوەندییەكی چالاكی لەگەڵ دنیا هەیە، كەچی لەبارەی بلاوبوونەوەی كۆرۆنادا ئاماژە بۆ ژمارەیەكی زۆر كەمی تووشبوون دەكات، شارەزایەك دووپاتی دەكاتەوە كە وڵاتەكەی لەبری رێوشوێنی پێشوەختە، تووشبوون رەت دەكاتەوە.
پێشبینی دەكرێت 500 هەزار تووشبوو هەبێت
ئینان دۆغان، پێشبینی دەكات لەسەر بنەمای نموونەیەكی بیركاریانە كە بۆ حسێبكردنی ژمارەی تووشبووان لە ئەمەریكا بەكار هاتووە و ئەنجامەكان تەواو وەك ئەوە بوو كە تا ئێستە واشنتن تۆماری كردووە، دەبێت ئێستە لە توركیا 500 هەزار حاڵەتی تووشبوون هەبێت.

ئەو لە وتارێكدا روونی كردەوە، پێش 11 رۆژ توركیا دوو حاڵەتی مردنی تۆمار كردووە، بەڵام دوای تەنیا 11 رۆژ ژمارەكە گەیشتە 92 مردن، واتە بە رێژەی 4500% زیادی كردووە. 

روونی كردەوە، ئەگەر 100 كەس تووشی ڤایرۆسەكە بووبن، تەنیا یەكێكیان دەمرن و ئەوانیتر 99یان چارەسەر دەبن و دوای 5-6 رۆژ لە تووشبوون نیشانەكان بەدەر دەكەون وەك تا و كۆكە و ماندوویی، بەڵام نزیكەی نیوەیان نیشانەیان بەسەر دەرناكەوێت و ئەوانە دەبنە بڵاوكەرەوەی باشی ڤایرۆسەكە، ئێستە لە توركیا 92 كەس بەو هۆیەوە گیانیان لەدەست داوە كە ئەوانە هی ئێستە نین و زووتر هەیانبووە، بەڵكو پێش 24 رۆژ بەلایەنی كەم. 

وەك ئەو شارەزایە ئاماژەی بۆ دەكات كە لە 3ی ئادار ئەگەر 100 حاڵەتی تووشبوون بۆ هەر مردنێك هەبووبێت، واتە 9200 تووشبوو لەو رۆژەدا، بۆیە تا 21ی ئازار 500 هەزار تووشبوومان هەبووە و تا ناوەڕاستی نیسانی داهاتوویش ژمارەی مردووان دەگاتە پێنج هەزار، بە حسێبكردنی رێژەی مردن بە 1%ی تووشبووان.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل