ئیتاڵیا.. ژمارەی مردووان بە كۆرۆنا روو لە دابەزینە

:: PM:10:59:29/03/2020 ‌

ئامارەكان بڵاوبوونەوەی زیاتری تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا پێشان دەدەن، بەتایبەتی لە ئەمەریكا و ئیتاڵیا و ئیسپانیا، سەرەڕای هەوڵی زۆری حكوومەت و سەنتەرەكانی توێژینەوە و كۆمپانیاكانی دەرمان بۆ دۆزینەوەی پێكوتەی ئەو نەخۆشییە، بەڵام بڵاوبوونەوەی بەردەوامە، چین لە سەركەوتن بەسەر نەخۆشییەكە زۆر نزیك بووەتەوە و ئیتاڵیاش بۆ دووەم رۆژە ژمارەی مردن بەو ڤایرۆسە كەمتر دەبێتەوە.
تا ئێستە باشترین چارەسەری خۆپاراستنە
بەپێی دوایین ئاماری تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سەرانسەری دنیا ژمارەی تووشبووان گەیشتووەتە 713 هەزار و مردنیش 33600، هاوكات ژمارەی ئەوانەی چاكبوونەتەوە ژمارەیان گەیشتووەتە 150881 حاڵەت، ئەوەیش رێژەیەكی زۆرە و ئاماژە بۆ سەركەوتنی رێگەچارەكانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەكە بەكار دێت.

ئەمڕۆ یەكشەم دەسەڵاتدارانی تەندروستی ئیتاڵیا رایانگەیاندكە لە 24 سەعاتی رابردوو 756 حاڵەتی نوێی مردن بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆمار كراوە، لەوكاتەی هەینی رابردوو ژمارەكە 919 حاڵەت و دوێنێ شەوموویش 889 حاڵەت بووە، ئەوەیش واتە ئەگەرچی رێژەی تووشبوون بەرەو زیاتر دەچێت، بەڵام رێژەی مردن بەو نەخۆشییە كەمتر بووەتەوە.

لەوكاتەی ئەو ئاماژانە باشن، بەتایبەتی كاتێك چین توانوویەتی كۆنترۆڵی تەواوی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە و مردنی بەهۆیەوە بكات كە رۆژانە تەنیا دەیان حاڵەتی تووشبوون و مردن تۆمار دەكات، هەموو دنیا چاوەڕوانی خاوبوونەوەی شەپۆڵی بەهێزی پەتاكەیە بۆ كۆنترۆڵكردنی، د مەحموود ئەنساری پزیشكی راوێژكاری بەرگریزانی و مایكرۆ بایۆلۆجی لەبارەی نەخۆشییەكە و كۆنترۆڵكردنی دەڵێت، ئەوكاتەی مرۆڤ دەمارگیر و سترێسی لەسەرە بەرگری لەشی لاواز دەبێت، ڤایرۆسی كۆرۆنا راستە حاڵەتی مردن بەهۆیەوە تۆمار كراوە، بەڵام ژمارەیەكی زۆریش چاكبوونەتەوە بە رێژەی 92%ی تووشبووان و 95%یش لە تووشبووان تەنیا نیشانەی سووكیان لەسەر دەركەوتووە.

زیاتر گوتی، ئامارەكان دڵنیاكەرەوەن و رێژەی چاكبوونەوە بەرزە، ئەگەرچی ڤایرۆسەكە زۆر بەخێرایی بڵاو دەبێتەوە و مرۆڤ تووشی لاوازی دەكات و ئەوەیتر هەمان نیشانەی سەرمابوونە، هاوكات ئەو نەخۆشییە تووشی كوێری یان لەناوبردنی گون ناكات و هیچ توێژینەوەیەك نییە ئەوە بسەلمێنێت، چونكە ڤایرۆسەكە نوێیە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل