رێكخراوی تەندروستی جیهانی: لێكدووركەوتنەوە و خۆدابڕینی ماڵەوە سەركەوتوو بوون

:: PM:08:03:30/03/2020 ‌

لەو كاتەی هەموو دنیا رووبەڕووی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەبێتەوە و رۆژ دوای رۆژ ژمارەی قوربانیان لە بەرزبوونەوەیە و ژمارەی تووشبووان 750 هەزار و مردووانیش 36 هەزاری تێپەڕاندووە، رێكخراوی تەندروستی جیهانی هۆكاری ئەو پێشوەچوونەی لە هەندێك شوێن لە رووبەڕووبوونەوەی پەتاكە ئاشكرا دەكات.
جەنگی مرۆڤایەتی و ڤایرۆسی كۆرۆنا بەردەوامە
تیدرۆس ئەدهانۆم گیبریسۆس، بەڕێوەبەری گشتیی رێكخراوی تەندروستی جیهانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ دووشەم گوتی، هەردوو رێوشوێنی لێكدووركەوتنەوە و خۆدابڕینی ماڵەوە، سەركەوتوو بوون لە پاشەكشەكردن بە بڵاوكردنەوەی تێكڕای تووشبوون بەو ڤایرۆسە.

ئاماژەی كرد، ئەو كۆتەی خرایە سەر هاتوچۆ و داخستنی فڕۆكەخانەكان، راستە نابێتە هۆی رێگرتن لە گواستنەوەی ڤایرۆسەكە، بەڵام بڵاوبوونەوەی سنووردار دەكەن.

پێشتر رێكخراوەكە رای گەیاندبوو كە تا ئێستە چارەسەری بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا نییە، لەوكاتەی تاقیكردنەوەی كلینیكی لە چەندان وڵاتی دنیا هەیە بۆ دۆزینەوەی پێكوتەیەك یان چارەسەرییەك بۆ ئەو پەتایە. 

رێكخراوەكە روونی كردەوە، ئەو تاقیكردنەوەی ئێستە لەسەر ڤایرۆسەكە جێبەجێ دەكرێت بەناوی "هاوكاری"، پشت بە چاودێریكردنی نەخۆش و بەكارهێنانی پێكوتەی "ریمدیسفێر"ی دژە ڤایرۆس و پێكوتەی "لۆبینافێر" و "ریتۆنافێر"ی بەكارهاتوو بۆ چارەسەری نەخۆشی ئایدز و "بێتا ئەنتەر فیرۆن"ە، جیا لە تاقیكردنەوەی پێكوتەی كلۆرۆكینی دژ بە مەلاریا و زیاتر لە 45 دەوڵەتیش بەشدارن لەو تاقیكردنەوەیە.  




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل