لیژنەیەك بۆ ئازادكردنی ژمارەیەك لە زیندانیانی هەرێمی كوردستان پێكهێنرا

:: PM:03:45:31/03/2020 ‌
ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان، لەسەر پێشنیازی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لیژنەیەك بە مەبەستی تاوتوێكردنی بارودۆخی حوكمدراوان و راگیراوان لە هەرێمی كوردستان پێك دەهێنێت.

ئەمڕۆ سێشەم 31ـی ئادار، ئەنجوومەنی دادوەری لە فەرمانێكدا كە بە نووسراوی ژمارە (فوق العادە) لە رێكەوتی 28\3\2020 دەری كردووە، ڕای گەیاندووە، لەسەر پێشنیازی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیار دراوە بە پێكهێنانی لیژنەیەك كە لە هەر یەك لە دادوەر برایم ئیسماعیل حەمەد سەرۆكی دادگای تێهەلچوونەوەی ناوچەی هەولێر، مەروان بورهان ئەحمەد سەرۆكی فەرمانگەی داواكاری گشتی لە هەولێر، سامی جەلال حسێن بەرێوەبەری گشتی دیوان، نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ، نوێنەری وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی، نوێنەری دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان و بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی هەولێر پێكهاتووە. 

بە مەبەستی دۆزینەوەی میكانیزمێك بۆ ئازادكردنی ژمارەیەك لەوانە
باس لەوەش كراوە، ئەركی ئەو لیژنەیەش تاوتوێكردنی بارودۆخی حوكمدراوان و راگیراوان لە هەرێمی كوردستانە بە مەبەستی دۆزینەوەی میكانیزمێك بۆ ئازادكردنی ژمارەیەك لەوانە.

ڕوون كراوەتەوە، ئەركی لیژنەكە هەروەها دوای دەستنیشانكردنی ئەو كەسانەی كە حوكمدراون و ئازادكردن دەیانگرێتەوە، ناوەكانیان ئاراستەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكرێن ئەویش بە مەبەستی دەركردنی لێبوردنێكی تایبەت بۆیان لە دەسەڵاتی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە.



وشە - رامیار جەواد