وەزیری تەندروستی: 79%ـی تووشبووان لە كوردستان بەهۆی بەریەككەوتن بووە

:: PM:01:40:01/04/2020 ‌
ئەگەرچی دۆخی هەرێمی كوردستان بە بەراورد بە عێراق و وڵاتانی ناوچەكە و دنیا پێوەند بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا زۆر باشە، بەڵام وەزیری تەندروستی هۆشداری دەدات لە مەترسی زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە بەهۆی بەریەككەوتنەوە. دەڵێ، 79%ـی تووشبووان كە دەكاتە 139 كەس، بەهۆی بەریەككەوتن تووشی كۆرۆنا بوونە.

ئەمڕۆ چوارشەم یەكی نیسان، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، ئەگەر هاووڵاتییان پابەندی رێنوێنییەكان نەبن، ئەوا كارەسات روودەدات و ڤایرۆسی كۆرۆناش زیاتر تەشەنە دەكات.

ئەگەر هاووڵاتییان پابەندی رێنوێنییەكان نەبن، ئەوا كارەسات روودەدات


سامان بەرزنجی لە پۆستێكیدا لە فەیسبووكی تایبەتی خۆی  كە "وشە" بەدواداچوونی بۆ كردووە، دەڵێ هۆكاری تووشبوونی 139 حاڵەت بە كۆرۆنا، پابەندنەبوونیان بووە بە ڕێنوێنیی تەندروستی و بەركەوتنی یەكتر بووە.

بە قسەی وەزیری تەندروستی بێت، ئەو ژمارەیە دەكاتە ڕێژەی 79%ـی كۆی تووشبووانی كۆڕۆنا لە كوردستان كە تا ئێستە ژمارەكە گەیشتووەتە 176 تووشبوو.

سامان بەرزنجی لە پۆستەكەیدا هۆشداری دەدات كە "ژمارەكان نیشاندەرێكی مەترسیدارن". زیاتر گوتی "تكایە ئاگاداری خۆتان بن نەیەنە دەرەوەی ماڵ و بەركەوتنی كەسی تر مەبە با كارەساتی تەشەنەكردنی كۆڕۆنا ڕوو نەدات".





وشە - فه‌رمان سادق