لە هەولێر مۆڵەت بە دایک و باوکی 402 منداڵی ئۆتیزم دراوە

:: PM:01:59:02/04/2020 ‌
بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر ئاشكرای دەكات، بۆ باشتركردنی ژیانی منداڵانی ئۆتیزم، 402 منداڵی ئۆتیزم مووچەیان بۆ بڕاوەتەوە.

لە سنووری پارێزگای هەولێر 402 منداڵی ئۆتیزم مووچەی مانگانەیان هەیە 
ئەمڕۆ پێنجشەم دووی نیسان، یوسف چاوشین بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئێستە لە سنووری پارێزگای هەولێر 402 منداڵی ئۆتیزم مووچەی مانگانەیان هەیە، مۆڵەتی بەخێوكردن بە كەسوكاریان بەخشراوە بۆ بەخێوكردن و چاودێریكردنی  منداڵەكانیان.

بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر گوتی، هەر لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو جگە لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بێ بەرانبەر لە سەنتەری ئۆتیزمی حكوومیمان، مۆڵەتمان بە كردنەوەی شەش سەنتەری ئۆتیزمی ئەهلی داوە بۆ راهێنانی منداڵانی ئۆتیزم لە شوێنە جیاجیاكانی پارێزگای هەولێر.

باسی لەوەش كرد، بڕیار دراوە لەم مانگەدا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، دەوام لە سەنتەرەكانی ئۆتیزم رابگیرێت و هیچ بڕە پارەیەك لە كەسوكاری منداڵان وەرنەگیرێت، هەروەها پێمان وایە لەگەڵ باشتربوونی باری دارایی حكوومەت، باری دارایی كەسوكاری منداڵانی ئۆتیزم باش بكرێت.

ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانی ئۆتیزمە و لە سەرانسەری دنیا ئەو یادە دەكرێتەوە.



وشە - رامیار جەواد