رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا.. دوو هەواڵی خۆش لە ئیتاڵیاوە

:: PM:10:24:02/04/2020 ‌

گەورە بەرپرسێكی تەندروستی ئیتاڵیا رای گەیاند كە توانوویانە لە رۆمای پایەتەخت كۆنترۆڵی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بكەن، هاوكات هەر لە ئیتاڵیا چاكبوونەوەی چەند حاڵەتێك بە بەكارهێنانی پلازمای خوێنی كەسانی چاكبووەوە لەو ڤایرۆسە هاتە راگەیاندن.
دوای باجێكی گەورە ئیتاڵیا بەرەو كۆنترۆڵكردن هەنگاو دەنێت
ئەمڕۆ پێنجشەم فرانشیسكۆ فایا، بەڕێوەبەری تەندروستی پەیمانگەی ئیتاڵی بۆ نەخۆشییە پەتاییەكان لە لێدوانێكی بۆ رۆژنامەی "دیلا سێرا"، گوتی، هەر لە سەرەتاوە گەشبین بووم و ئێستەیش هەروام، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە رۆما لەژێر كۆنترۆڵدایە و داتاكان ئەوە دەسەلمێنن.

زیاتر گوتی، بەڵام ئەوە مانای ئەوە ناگەیەنێت كە جەنگەكە كۆتایی هاتووە و ئێمە سەردەكەوین، بۆیە پێویستە خەڵكەكە لە ماڵەوە بمێننەوە، بۆ نموونە ئەگەر ژمارەی تووشبووان لە نەخۆشخانەی سپالانزانی وەربگرین، ماوەی سێ رۆژە وەك خۆیەتی و حاڵەتی نوێمان نییە و تەنیا گواستنەوەیە، هاوكات دوێنێ 170 كەی نەخۆشخانەیان جێهێشتووە و چاكبوونەتەوە.

ئەو بەرپرسە ئیتاڵییە دووپاتی كردەوە كە ئەو دۆخە لە تەواوی ناوچەكە هەر وایە، بۆیە گەیشتووینەتە دۆخی كۆنترۆڵكردن، بەتایبەتی لە رۆما، كە ڤایرۆسەكە لەو شارە زۆر بڵاونەبووەتەوە، تەنیا لە چەند شوێنێكی نەبێت، فایا ئاماژەی بۆ گرنگی دابڕینی تەندروستی كردەوە كە بەسەر رۆما سەپێنراوە. 

لەوكاتەی ئیتاڵیا لە پلەی یەكەم دێت لە رووی زۆری ژمارەی مردن زیاتر لە 10 هەزار حاڵەت دەبێت، ئەمڕۆ سەرچاوە تەندروستییەكانی ئەو وڵاتە تۆماركردنی یەكەم حاڵەتی چاكبوونەوەی تووشبووێكیان بەو ڤایرۆسە لە رێگەی بەكارهێنانی پلازمای خوێنی پڕ لە دژەتەنی كەسێكی چاكبووەوە لەو پەتایە، تۆمار كرد.

وەك ئاژانسی "ئاكی"ی ئیتاڵی بڵاوی كردەوە، ئەو تاقیكردنەوەیە لە نەخۆشخانەی سان ماتیۆی فێركاری لە شاری بافیا لە باشووری میلانۆ لە هەرێمی لۆمپاردی ئەنجام درا، كە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكەیە لە ئیتاڵیا، كاتێك دوو پزیشكی چاكبووەوە لەو ڤایرۆسە و هاوسەری یەكن، خوێنەكەیان بۆ تاقیكردنەوەكە وەرگیرا.    




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل

ئه‌م بابه‌ته 6953 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌