نه‌وت سعوودیه‌ ده‌خاته‌ نێوان به‌رداشى ئه‌مه‌ریكا و رووسیا

:: AM:09:39:04/04/2020 ‌

 

رۆژ لە دوای رۆژ تەنگژەی نەوت لە نێوان سعوودیە و  رووسیا توندتر دەبێت و تۆمەتباركردنی یەكتر لە راگەیاندن زیاتر دەبێت، رووسیا سعوودیە بە دابەزاندنی نرخی نەوت تۆمەتبار دەكات و ئەمەریكایش هەڕەشەی سزادانی سعوودیە دەكات.

ماوەی مانگێكە كێشەی نرخی نەوت لە نێوان سعوودیە و رووسیا سەری هەڵداوە و تا ئێستە بەردەوامە، ئەم دوو وڵاتە كە هەر یەكەیان پێگەیەكی گرنگیان لە بەرهەمی نەوتی دنیا هەیە، تا ئێستە ئامادە نیین ئەو كێشەیە چارەسەر بكەن، دوێنێ جارێكی تر كێشەی تۆمەتباركردنی یەكتر سەری هەڵدایەوە، ئەمجارە ئەمەریكایش هاتە ناو شەڕی راگەیاندنەوە.

سعوودیه‌ ده‌كه‌وێته‌ به‌ر گوشارى رووسیا و هه‌ڕه‌شه‌ى ئه‌مه‌ریكا



ڤلادیمێر پوتینی سەرۆكی رووسیا دوێنێ  كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی رووسیا و سەرۆكی كۆمپانیا گەورەكانی نەوت كرد.

بەگوێرەی ئەو لێدوانانەی لە ماڵپەڕی ئارتی رووسیا بڵاوكراوەتەوە، پوتین گوتوویەتی، "بارودۆخی بازاڕی وزە هێشتا ئەستەمە، پەتای كۆرۆنا كاریگەری لەسەر تەواوی ئابووری دنیا داناوە، ئەمەیش دەبێتە هۆی كەمبووەنەوەی خواست لەسەر سەرچاوەكانی وزە".

پوتین باس لە هۆكارێكی تر دەكات  كە كاریگەری لەسەر نرخی نەوت داناوە، ئەویش كشانەوەی سعوودیەیە لە گفتوگۆكان، پوتین دەڵێ، "هۆكارێكی تر هەیە بۆ داڕمانی نرخی نەوت، ئەویش دەرچوونی سعوودیەی هاوپەیمانمانە لە رێككەوتنی ئۆپیك پڵەس، لەگەڵ بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان، تەنانەت ئامادەیە بۆ  سازشكردن لەسەر نرخی نەوت".

لە بەشێكی تری قسەكانی پوتین باس لە پێوەندییە تەلەفۆنییەكەی دۆناڵد ترەمپ دەكات و دەڵێ نیگەران بووین لەم بارودۆخەی ئێستە. دواتریش روونی دەكاتەوە وڵاتەكەی كار دەكات بۆ ئەوەی چارەسەرییەكی درێژخایەن بۆ نرخی نەوت هەبێت.

پوتین كە وڵاتەكەی  جەمسەرێكی ململانێیەكەیە، دووپاتی دەكاتەوە نایەوێ نرخی نەوت بەرز ببێتەوە، بەڵكو لەو ئاستە بێت كە وڵاتەكەی لە بودجەدا دیاری كردووە، ئەویش 42 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێك.

هاوشێوەی پوتین، ئەلكساندەر نۆڤاك وەزیری وزەی رووسیا سعوودیە بە سێ بابەت تۆمەتبار دەكات، یەكەمیان رازینەبوون بە مەرجەكانی كەمكردنەوەی بەرهەمی نەوت، دووەم دەرچوون لە دانوستاندنەكانی ئۆپیك پڵەس، دوایین تۆمەتیش زیادكردنی بەرهەمی نەوتە.

نۆڤاك دەڵێ وڵاتەكەی پێشنیازی كرد بوو، بۆ ماوەی مانگێك یان سێ مانگ رێككەوتنەكەی پێشوو درێژ بكرێتەوە، بۆ ئەوەی بارودۆخی پەتاكەی تێپەڕ بێت، كەچی سعوودیە بەم مەرجە رازی نەبووە. نۆڤاك دەڵێ، "ئەوان لە رێككەوتنەكە كشانەوە، نرخی كەمتریان بۆ نەوت راگەیاند و بەرهەمیان زیاتر كرد".

لە كاتێكدا بەرپرسانی رووسیا و وڵاتانی تر دەڵێن بۆ بەرزكردنەوەی نرخی نەوت دەبێت بە ئاستی 10 ملیۆن بەرمیل رۆژانە  بەرهەمی نەوت كەم بكرێتەوە، كەچی سعوودیە رۆژی یەكی ئەم مانگە بە تەنیا ئاستی بەرهەمهێنانی خۆی بەرزكردەوە.

كۆمپانیای ئارامكۆی سعوودی كە تایبەتە بە نەوت رای گەیاند لە یەكی ئەم مانگە 18 ملیۆن و 800 هەزار بەرمیلی رەوانەی دەرەوە كردووە، بەر لە هەر وڵاتێكیش ئەمەریكا رەخنەی لەم هەنگاوەی سعوودیە گرت و وەزارەتی وزەی ئەمەریكا هەناردنی ئەو بڕە نەوتەی بە "مایەی نائومێدی" وەسفكرد.

دوێنێ هەینی چەند سەرچاوەیەك لە ئۆپیك ئاشكرایان كرد بوو، بڕیارە لە شەشی ئەم مانگە كۆبوونەوەیەكی بە پەلە بۆ بەرزكردنەوەی نرخی نەوت بەڕێوە بچێت.

بەرپرسانی سعوودیە كە ئامادەیی وڵاتەكەیان بۆ بەشداربوون لە كۆبوونەوەكە دووپات دەكەنەوە، تۆمەتەكانی رووسیایش رەت دەكەنەوە و قسەكانی پوتین بە نادروست وەسف دەكەن.

ئاژانسی رۆیتەرز ئەمڕۆ شەموو چواری نیسان، لێدوانی هەر یەكە لە فەیسەڵ بن فەرحانی وەزیری دەرەوەی سعوودیە و عەبدولعەزیز بن سەلمانی وەزیری نەوتی ئەم وڵاتەی بڵاوكردووەتەوە. وەزیری دەرەوەی سعوودیە  دەڵێ تەواوی قسەكانی پوتین لەسەر كشانەوەی سعوودیە لە رێككەوتنی ئۆپیك پڵەس راست نییە، بەڵكو رووسیای خۆی لە رێككەوتنەكە كشاوەتەوە.

عەبدولعەزیز بن سەلمانی وەزیری وزەی سعوودیەیش قسەكانی بەرپرسانی رووسیا  رەت دەكاتەوە و دەڵێ سیاسەتی نەوتی سعوودیە بۆ سەقامگیركردنی بازاڕە و كار بۆ هاوسەنگی بەرژوەندی بەرهەمهێنەر و بەكاربەر دەكات.

هەرچەندە پێشتر  ئەمەریكا لەگەڵ ئەوە دا بوو، نرخی نەوت مامناوەند بێت و بەرز نەبێت بۆ  ئەوەی پێداویستی سووتەمەنی ناوخۆی دابین بكات، كەچی ئێستە نرخی نەوت لە بازاڕ بەم جۆرێكە كاریگەری نەرێنێ بۆ سەر نەوتی ئەمەریكایش هەیە، بۆیە لە دوایین هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ سزادانی  سعوودیە نیشان دا.

دۆناڵد ترەمپ كە هەفتەی رابردوو پێوەندی بەرپرسانی سعوودیە و رووسیاوە كردووە، پێشنیازی رێككەوتنی بۆ كردوون، ئێستە دەڵێ لە پێناو نرخی نەوت ئامادەم سزای سعوودیە بدەم، وەك چۆن چین و چەندان وڵاتی ترمان سزا داوە.

 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل