هه‌ر چه‌نده دۆسیه‌ى كوشتنى رۆژنامه‌نووسى سعوودیه یه‌كلایى نه‌بووه‌ته‌وه، دۆسیه‌یه‌كى هاوشێوه له توركیا ده‌كرێته‌وه و ئه‌مه‌ریكا پاڵپشتى توركیا ده‌كات له تۆمه‌تباركردنى ئێران به كوشتنى به‌رپرسێكى هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ى ئێران له ئیستانبۆڵ.
چه‌ند مانگێكه ناوه ناوه بابه‌تى كوشتنى مه‌سعوود مه‌وله‌وى وه‌ردنجانى له میدیاكانى توركیا و رۆژئاوا نوێ ده‌كرێته‌وه، دواجار به‌رپرسانى باڵاى ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته هاتنه‌ده‌نگ و به‌رپرسانى دیپلۆماسى ئێران به كوشتنى مه‌سعوود مه‌وله‌وى تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن، كه چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌ر له ئیستانبۆڵ كوژراوه. بۆیه له‌وه ده‌چێ ئه‌مه‌ریكا و توركیا دۆسیه‌یه‌كى هاوشێوه‌ى جه‌مال خاشقچى له دژى ئێران بكه‌نه‌وه، كه ئه‌ویش له ئیستانبۆڵ كوژرا به‌ڵام سعوودیه به فه‌رمى له رووداوه‌كه تۆمه‌تبار كرا.
چه‌ند خاڵێكى لێكچوون و جیاوازى له نێوان هه‌ر دوو دۆسیه هه‌یه، هێشتا دیار نییه توركیا و ئه‌مه‌ریكا چۆن ئه‌م دۆسیه‌یه له دژى ئێران به‌كارده‌هێنن، به تایبه‌تى كه ده‌زانرێت جیاوازى كه‌سایه‌تى مه‌سعوود مه‌وله‌وى له كه‌سایه‌تى جه‌مال خاشقچى كاریگه‌رى له‌سه‌ر ئاستى به‌كارهێنانى بابه‌ته‌كه ده‌بێت له گوشارخستنه سه‌ر ئێران و تۆمه‌تباركردنى.
هاوشێوه‌كه‌ى جه‌مال خاشقچى كێیه؟
مه‌سعوود مه‌وله‌وى ته‌مه‌نى 32 ساڵ بووه، له مانگى كانوونى دووه‌مى ساڵى رابردوو له ئیستانبۆڵ كوژرا. به‌گوێره‌ى راپۆرتێكى ئاژانسى "
BBC" به‌ریتانى مه‌سعوود مه‌وله‌وى بڕوانامه‌ى دكتۆراى له ئه‌مه‌ریكا وه‌رگرتووه، یه‌كێك بووه له شاره‌زایانى "ژیرى ده‌ستكرد" به‌ڵێنیشى داوه له‌گه‌ڵ توركیا هاوكار بێت بۆ دروستكردنى فڕۆكه‌ى بێ فڕۆكه‌وان.
كه‌چى ئاژانسى رۆیته‌رز باس له‌وه ده‌كات، مه‌سعوود مه‌وله‌وى به‌رپرسى ئاسایشى ئه‌لیكترۆنى بووه له وه‌زاره‌تى به‌رگرى ئێران، ساڵێك به‌ر له كوژرانى چووه‌ته توركیا و له‌وێ له ئێران هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ته‌وه، دواتر له مانگى ئاب ده‌ستى به هه‌ڕه‌شه كردووه، گوایه ده‌یه‌وێ سوپاى پاسداران ریشه‌كێش بكات.
ماڵپه‌ڕى BBC ده‌ڵێ مه‌سعوود مه‌وله‌وى كۆمه‌ڵێك زانیارى له‌سه‌ر به‌رپرسانى ئێران له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوكردووه‌ته‌وه. دواتر له 14ى تشرینى دووه‌م له لایه‌ن چه‌ند چه‌كدارێكه‌وه له شه‌قامێكى سه‌ره‌كى ئیستانبۆڵ كوژرا.
رۆژنامه‌یه‌كى سعوودى : ئه‌ردۆغان له كوشتنى مه‌سعوود مه‌وله‌وى بێده‌نگه
جه‌مال خاشقچى كێ بوو؟
رۆژنامه‌نووسى به‌ناوبانگى سعوودى جه‌مال خاشقچى له ساڵى 1959 له سعوودیه له‌دایكبووه، سه‌ره‌تا له راگه‌یاندنى ده‌وڵه‌تى سعوودیه‌وه نزیك بووه و دواتر له رۆژنامه‌كانى دنیا بابه‌تى بڵاوكردووه‌ته‌وه. جه‌مال خاشقچى له دووى تشرینى یه‌كه‌مى ساڵى 2018 بۆ هه‌ندێك كارى تایبه‌ت سه‌ردانى كونسوڵخانه‌ى سعوودیه ده‌كات له ئیستانبۆڵ، له‌و كاته‌وه كۆتایى به ژیانى دێت. كوشتنى جه‌مال خاشقچى به شێوه‌یه‌ك ده‌نگدانه‌وه‌ى هه‌بوو، به دیارترین رووداوى ساڵى 2018 دانرا، ته‌نانه‌ت به‌رپرسانى باڵاى ئه‌مه‌ریكا به دۆناڵد تره‌مپیشه‌وه له كوشتنى خاشقچى هاتنه‌ده‌نگ و دواى 17 رۆژ له دیارنه‌مانى سعوودیه به فه‌رمى ددانى به‌وه نا خاشقچى له‌ناو كونسوڵخانه كوژراوه.
جیاوازى ولێكچوونه‌كانى خاشقچى و مه‌وله‌وى
وێراى ته‌مه‌ن و كه‌سایه‌تى كۆمه‌ڵێ جیاوازى له نێوان كه‌سایه‌تى جه‌مال خاشقچى و مه‌سعوود مه‌وله‌وى هه‌یه، له‌وانه جه‌مال خاشقچى رۆژنامه‌نووسێكى سه‌ربه‌خۆ بووه له‌بوارى هه‌واڵگرى و سه‌ربازى وڵاته‌كه‌ى كارى نه‌كردووه، ته‌نانه‌ت به‌ر له كوژرانى به‌ناوبانگ بووه، له چاكترین رۆژنامه‌ى دنیا كه واشنتن پۆسته بابه‌ته‌كانى بڵاوكردووه‌ته‌وه.
به پێچه‌وانه‌وه مه‌سعوود مه‌وله‌وى كه‌سێكى نه‌ناسراو بوو، له وه‌زاره‌تى به‌رگرى وڵاته‌كه‌ى كارى كردووه، به‌گوێره‌ى ئه‌و وێنانه‌ى بڵاو ده‌كرێنه‌وه پێوه‌ندییه‌كى به‌هێزى له‌گه‌ڵ چه‌ند به‌رپرسێكى ئێران هه‌بووه. دواتر وه‌ك ئۆپۆزسیۆن و نه‌یارى ده‌سه‌ڵاتى ئێران كارى كردووه، به‌ڵام خاشقچى ئۆپۆزسیۆن نه‌بووه به‌ڵكو له میانه‌ى نووسینه‌كانى ره‌خنه‌ى له سیاسه‌تى سعوودیه گرتووه.
جیاوازییه‌كى تر ئه‌وه‌یه مه‌سعوود مه‌وله‌ى به 11 فیشه‌ك كوژراوه و چه‌ند تۆمه‌تبارێك گیراون، كه‌چى تا ئێسته كوشتنى خاشقچى روون نییه و ته‌نانه‌ت ته‌رمه‌كه‌یشى دیار نییه.
لێكچوونى دوو بابه‌ته‌كه‌یش ئه‌وه‌یه هه‌ر دووكیان له ئیستانبۆڵ كوژراون و كونسوڵخانه‌ى وڵاته‌كه‌یان له كوشتن‌یان تۆمه‌تبار ده‌كرێن.
به‌گوێره‌ى راپۆرتێك كه له لایه‌ن
رۆیته‌رز بڵاوكراوه‌ته‌وه، دوو ئه‌فسه‌رى هه‌واڵگرى ئێران له كونسوڵخانه‌ى ئێران بڕیارى كوشتنى مه‌سعوود مه‌وله‌وییان به چه‌ند كه‌سێك داوه كه هه‌ندێكیان توركن، له دواى گرتنیان تۆمه‌تباران ددانیان به‌وه ناوه به بڕیارى دوو ئه‌فسه‌ره‌كه‌ى هه‌واڵگرى ئه‌و كاره‌یان كردووه.
هه‌ڵوێستى ئه‌مه‌ریكا چییه؟
وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت جیاوازى نێوان خاشقچى و مه‌وله‌وى كاریگه‌رى له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌چوونى دۆسیه‌یه‌كان هه‌یه، له كوشتنى خاشقچى تره‌مپ هاته‌ده‌نگ، به‌ڵام به‌رپرسانى ئه‌مه‌ریكا تا ئێسته به ڕاشكاوى قسه له‌سه‌ر كوشتنى مه‌وله‌وى ناكه‌ن.
رۆژى پێنجشه‌مى رابردوو به‌رپرسێكى ئه‌مه‌ریكى كه ناوى ئاشكرا نه‌كراوه و به به‌رپرسێكى باڵا وه‌سف كراوه، به رۆیته‌رزى گوتووه ئێران ده‌ستى له كوشتنى مه‌وله‌وى هه‌یه. پێشتریش مایك پۆمپیۆ بێ ئه‌وه‌ى ناوى بهێنى باسى له كوشتنى مه‌وله‌وى كردووه و ده‌ڵێ نموونه‌یه‌كى تر‌ى ئێرانه له تیرۆركردنى نه‌یارانى. به‌گوێره‌ى راپۆرته‌كانى رۆیته‌رز ئه‌مه‌ریكا به ته‌واوى پشتگیرى توركیا ده‌كات له‌وه‌ى ئێران ده‌ستى له كوشتنى مه‌سعوود مه‌وله‌وى هه‌یه.
ئه‌مه‌ریكا له تۆمه‌تباركردنى ئێران پاڵپشتى توركیا ده‌كات
ئایا توركیا ده‌توانێ دۆسیه‌ى مه‌وله‌وى به‌كاربهێنێ؟
توركیا توانى وه‌ك كارتى گوشار كوشتنى جه‌مال خاشقچى به‌كاربهێنێ، به‌رپرسانى توركیا باس له‌وه ده‌كه‌ن، له‌سه‌ركوشتنى مه‌وله‌وى قسه له‌گه‌ڵ ئێران ده‌كه‌ن، به‌ڵام تا ئێسته هیچ شتێك دیار نییه، ئێرانیش ته‌نیا چه‌ند رۆژێك دواى كوشتنى مه‌وله‌وى لێدوانێكى كورتى داوه و گوتوویه‌تى چاوه‌ڕوانى لێكۆڵینه‌وه‌كانى توركیا ده‌كات.
رۆژنامه‌ى
عوكازى سعوودى دوێنێ له راپۆرتێكدا ره‌خنه له دووفاقى ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان ده‌گرێت و به "لاڵ" وه‌سفى ده‌كات له به‌رانبه‌ر كوشتنى مه‌وله‌وى، چونكه ئه‌ردۆغان له كوشتنى خاشقچى یه‌كێك بوو له‌وانه‌ى به‌رده‌وام رۆژانه‌ى لێدوانه‌ى له دژى سعوودیه ده‌دا. بۆیه چاوه‌ڕوان ده‌كرێت كوشتنى مه‌وله‌وى ئه‌گه‌ر گه‌وره‌تریش بكرێت ئه‌وا ئه‌و ته‌نگژه‌یه له نێوان توركیا و ئێران دروست نه‌كات، كه دۆسیه‌ى جه‌مال خاشقچى له نێوان توركیا و سعوودیه دروستى كرد.