"سەرۆكی حكوومەت تەندروستیی هاووڵاتییانی پێ‌ لە هەموو شتێك گرنگترە"

:: PM:03:47:04/04/2020 ‌
وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، پێویستە ئەو 48 سەعاتەی هەیە وەك هەنگاوێكی گرنگ بزانرێت بۆ ئەوەی ڕێكارەكان لە قەدەغەی هاتوچۆ پێداچوونەوەی بۆ بكرێت.

ئەمڕۆ شەموو چواری نیسان، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ لە كۆنگرەیەی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، هیوادارین هەمووتان تەندروست بن، دوێنێ‌ شەو بڕیاری نوێ‌ دەرچوو ئەوەیش دوای ڕاوێژ لەگەڵ پارێزگاكان و بۆ ڕێوشوێنی تر، ئەویش بەهۆی بانگەوازی وەزارەتی تەندروستی كە ئەو بڕیارە بۆ پێداچوونەوە بە تەواوی ئەو پرۆسەیەیە كە مۆڵەتدان هەیە بۆ چین و توێژەكان.

وەزیری ناوخۆ گوتی، ئێمە دەمانەوێ لە ماوەی ئەو 48 سەعاتە هەڵسەنگاندنێك بكەین و بزانین ئێستە لە چ ئاستێكداین، هەندێك لە هاووڵاتییان وەك پێویست لە مەترسی ئەو ڤایرۆسە تێنەگەیشتوون، ئێمە لە هەرێمی كوردستان بە بەرنامە بەڕەنگاربوونەوەمان كردووە لەژێر چاودێری سەرۆكی حكوومەت وەزارەتی تەندروستی، زۆر زوو هەنگاوی نا پێش گەیشتنی ئەو ڤایرۆسە بە سنوورەكانی ئێمە.

وەزارەتی تەندروستی، زۆر زوو هەنگاوی نا پێش گەیشتنی ئەو ڤایرۆسە بە سنوورەكانی ئێمە
باسی لەوەش كرد، ئەو هەنگاوانە وایانكردووە ژمارەی تووشبووان كەم ببێت و ئەو ڕێكارانەی ڕاگرتنی دەوام و هاتوچۆ وایكرد وا پارێزراوبن، هەست دەكەین خەڵكی ئێمە بەشێكیان وەك پێویست هەست بەو مەترسییە ناكەن، خەڵكانێك دەڵێن لە هەرێمی كوردستان ئەو ڤایرۆسە جیاوازە و ئەوە راست نییە، بەڵكو راستەكە ئەوەیە ئێمە زوو خۆمان ئامادە كردووە و هەنگاومان ناوە پێش بڵاوبوونەوەی.

ڕوونی كردەوە، ئێمە لەو 48 سەعاتە هەڵسەنگاندن دەكەین كە دوای ئەو 48 سەعاتە چی بكەین و چۆن ئاسانكاری بۆ هاووڵاتییان بكەین، بۆیە دەمانەوێ ئەوە ڕابگەیەنین كە كەمترین بەركەوتن هەبێت تا ئێمەش بزانین چی بكەین بۆ دوای 48 سەعاتەكە.

"پێویستە سەرجەممان ئەو قۆناغە یەكدەست بین، لە كۆمەڵگەیەكی شەش ملیۆنی 214 تووشبوو و زیاتر لە 74 چاكبوو هەیە، هەروەها پێویستە خۆمان ئامادە بكەین بۆ ئەو كەیسانە، بۆیە دەمانەوێت بەریەكەوتن نەمێنێت لەو 48 سەعاتە". وەزیری ناوخۆ وای گوت.

باسی لەوەش كرد، بە بازگەكانمان ڕاگەیاندووە كە نابێت هیچ پزیشكێك بیگرێت و نابێت هیچ پزیشكێك ڕێكاری بەرانبەر بكرێت، بەڵكو ئێمە مەبەستمانە ڕێگری بكرێت لەو كەسانەی كە لەپشت ئەوانەوە دێنە دەرەوە، تا وەك خۆی مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە بكەین و بۆ ئەمەیش ڕێنوێنیمان داوە.

وەزیری ناوخۆ ئاماری بازگەیەكی ئاشكرا كرد كە لە یەكێك لە خاڵەكانی پشكنین، لە 600 ئۆتۆمبێلدا 99یان ئۆتۆمبێلی ڕاگەیاندن بوون، بۆیە پێویستە هەمووی ڕێك بخرێتەوە، بۆیە بڕیارمان داوە دەبێت میدیاكار پشتگیری دامەزراوەكەیان هەبێت كە ڕێپێدراوە، چونكە بەشێكی زۆریان ئەو ناسنامەیەی بەكاری دەهێنن دەزگاكە وەستاوە.

باسی ئەوەشی كرد، ئەو بڕیارانەی لە شەوی ڕابردوو دەرچوون، تەنیا بۆ 48 سەعاتە، ئێمە دەزانین خەڵك سەرچاوەی كاریان نەماوە و پێویستیان بەكارە، بەڵام تكایە مەترسییەكە لەوە گەورەترە، ئێمە هەموو شتێكمان وەستاندووە بۆ ئەوەی ئێوە پارێزراو بن و زیانمەندی یەكەمی ئەو پرۆسەیە حكوومەت بووە.

بۆ قۆناغی دوای 48 سەعاتەكە وەزیری ناوخۆ گوتی، داوا لە سەرجەم پارێزگارەكان دەكەین بەرنامەی خۆیانمان بۆ بنێرن، بەڵام تكایە بەرنامەكانیان زیاتر دلیڤەری و گەیاندن بێت بۆ ماڵان.

دواتر سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی لەو كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا گوتی، ئە بڕیارە لە بەرژەوەندی هاووڵاتییانەو تەندروستی بووە، چونكە ئێمەیش پێویستمان بە هەڵسەنگاندنە.

وەزیری تەندروستی گوتی، لە قەدەغەی هاتوچۆ و لە هەفتەی سێیەمین سوودێكی زۆری هەبووە، هەروەها ئەو ڕێكارانە وایكرد هەزاران كەس بپارێزرێن و كەرەنتینەكان بڕیارێكی گرنگ بوو، بۆیە سوپاسی هاووڵاتییان دەكەین كە بڕیارەكان جێبەجێ‌ كراون، هەرچەندە بە نمرە یەك زیان لە حكوومەت كراوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە تەندروستی هاووڵاتییان لە پێش هەموو شتێكە كە ئەوەیش داوای سەرۆكی حكوومەتە.

باسی لەوەش كرد، لە هەموو گرنگتر هێنانەوەی گەشتیارەكان و پشكنینی تەواوەتی ئەوەش وایكرد حاڵەتی شاراوە كەم ببێتەوە كە ئەوەیش گرنگ بوو بۆ ئێمە.

"ئێستە ئێمە بەدوای حاڵەتە شاراوەكان دەگەڕێین لە هەرێمی كوردستان، ناڵێین لە ژێر كۆنتڕۆڵی تەواوداین، بەڵكو هەوڵ دەدەین لە پێشەنگی كۆنتڕۆڵكردندا بین". سامان بەرزنجی وای گوت.

وەزیری تەندروستی ئەوەشی گوت، ئێستە 74 نەخۆش چاك بوونەتەوە و 140 نەخۆش لە نەخۆشخانە ماونەتەوە، دوو كەسیش گیانیان لە دەست داوە.



وشە - رامیار جەواد